مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئیتلاعاتی ئێران بە نوسراوێك ئاگاداری شوێنە گشتییەكان و هۆڵی بۆنەكانی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كردووەتەوە كە “لەبەركردنی”جلوبەرگی خاكی” و لە سەركردنی “جامانە”ی كوردی بە هەموو شێوەیەك قەدەغە.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە “ئیدارەی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بە گوشارخستنەسەر ئیدارەی چاودێریكردنی شوێنەكان و هەروەها بەڕێوەبەرانی هۆڵی تایبەتی ڕێوڕەسمەكان لە شارە جیاوازەكانی كوردستان، سەبارەت بە كەڵكوەرگرتنی میوانان لە “جامانە” و “جلوبەرگی خاكی” لەو ڕێوڕەسمەدا ئاگاداریانی كردووینەتەوە و هەڕەشەی لێكردوون.”
بە پێی هەواڵەكەی هەنگاو چەند هۆڵێك لە شاری سنە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك داخراون و هەڕەشە لە بەڕیوەبەرەكانیان كراوە لە ئەگەری بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەكان بەو دوو هێمایەوە، هۆڵەكانیان بۆ ماوەیەكی زۆر دادەخرێن.
مانگی ڕابردوو لانی كەم ٥٨ هاووڵاتیی كورد لە ئەندامانی بنەماڵەی گیان بەختكردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شارەكانی مەهاباد، بۆكان و پیرانشار لە ڕێوڕەسمی زەماوەندێكدا بە جامانە و جلوبەرگی خاكی دەركەوتن و دوای ئەوەش بە بە تۆمەتی “هێما گەرایی” بانگ كرابوونە ناوەندە دادوەرییەكان.
































































