مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕۆژنامەیەكی ئێرانی لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژە بەوە دەكات جگە لە فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، زێڕ و كەلوپەلی ناوماڵ، لە ئێستادا برنج، گۆشت، مریشك، پەتاتە و پیازیش بە قیست دەفرۆشرێت و لە زۆرێك لە شارەكان بووەتە دیاردە .
ڕۆژنامەی (ئەسكەناس) ی فارسی لە ژمارەی ئەمڕۆی خۆیدا ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و ڕایدەگەیەنێت “بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخەكان، وای كردووە هەندێك لە ئەپڵیكەیشنەكانی كڕینی ئینتەرنێتی، دەست بكەن بە فرۆشتنی خۆراك بە قیست، وەك پیاز و پەتاتە،”
دەشڵێت “خێزانە كەمدرامەت و مامناوەند، توانای كڕینی ئەو خۆراكانەیان نییە كە ڕۆژانە نرخەكانیان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، بۆیە ناچارن پێداویستییەكان بە قیست بكڕن.”
شارەزایانی ئابووری، هۆكاری ئەم بارودۆخە بۆ ناجێگیریی نرخی دراو و نەبوونی سیاسەتی دروستی ئابووری دەگەڕێننەوە .































































