دوای 30 ڕۆژ لایڤەکان بەشێوەى ئۆتۆماتیکى دەسڕێتەوە
بڕیارەکە لە بەرژەوەندى کەناڵ و دەزگاکانى ڕاگەیاندن نییە
بەختیار سەباح -زارى کرمانجى:
لە نوێترین گۆڕانکاریدا کۆمپانیای (مێتا) بڕیاریدا، لەمڕۆوە لایڤی فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دوای 30 ڕۆژ لە پەخشکردنی لەنێو پەیج و ئەکاونتەکاندا بسڕێتەوە.
بڕیارەکەی كۆمپانیای (مێتا) لەبەرژەوەندی کەناڵ و دەزگاکانی ڕاگەیاندن نییە، بەوپێیەی ئەگەر کەناڵێک ئەمڕۆ لایڤێک بکاتەوە دوای 30 ڕۆژی دیکە، لایڤەکە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەسڕدرێتەوە و لە فەیسبووک نامێنێت، ئەمەش بۆ کەناڵ و دەزگاکانی ڕاگەیاندن زیانی دەبێت، کە بەردەوام ڕووداوەکان بەشێوەی ڕاستەوخۆ و بە بەکارهێنانی فەیسبووک لایڤ دەگوازنەوە و وەک ئەرشیڤێک لە پەیجەکانیاندا دەمێنێتەوە، بەڵام دوای ئەم بڕیارە، مێتا دوای تێپەڕینی 30 ڕۆژ ئەو لایڤانە دەسڕێتەوە.
کۆمانیاى ‘مێتا’ باسی لەوەکردووە، ”پێش سڕینەوەی هەر لایڤێک ئاگادارکرنەوەیەک بۆ خاوەنی ئەکاونتەکە دەنێرن، لەو کاتەی ئاگادارکرنەوەکە وەردەگرێت تاوەکوو 90 ڕۆژ سێ بژاردەی هەیە، بۆ ئەوەی ناوەڕۆکی لایڤەکەی لەدەست نەچێت”.
لەوانە:
١. لایڤەکەت داونلۆد بکات بۆ ناو ئامێرەکە.
٢. گواستنەوەی لایڤەکە بۆ ناو کڵاو ستۆرەیجێک، کە ئەمەش هەر داونلۆدکرنە.
٣. گۆڕینی بۆ ڕیڵ، کە ئەمەش تەنها دەتوانیت 60 بۆ 90 چرکە جیابکەیتەوەو بیکەیت بە ڕیڵ، لەوانەیە لایڤێک پێویست بکات بکرێت بە نزیکەی 10 ڕیڵ.































































