زارى کرمانجى:
وەزارەتی تەندروستی ڕایدەگەیەنێت، كە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە بەدواداچوون بۆ دۆخی تەندروستیی (مام سابیر عومەر) جووتیارەكەی گوندی پەلكانەی سنووری ناحیەی سەرگەڕان دەكات و لێی دەپرسێتەوە.
دوێنێ چوارشەممە 19ی 2ی 2025، وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: “دوای بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆیەكی مام سابیر جووتیارە دژ بە تەعریبەكەی گوندی پەلكانە، كە بارودۆخی تەندروستیی ناجێگیرە و پێویستی بە چارەسەر هەیە، لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی پێشوازیی لە وەرگرتنی نەخۆش بەڕێز (سابیر عمر سادق) کە لەلایەن تیمەکانی تەندروستی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاریی لەشاری هەولێر بۆ چارەسەری و چاودێری پزیشكی.”
ئاماژەی بەوەش دا، كە “لە پەیامێکدا مام سابیر عمر سادق، سوپاسی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و خۆشحاڵ بوو بە پرسینەوەی بەڕێزیان بۆ ڕەوشی تەندروستی و ڕایگەیاند، کە ئەم هەڵوێستە بەرز و مرۆڤدۆستانەیەی بەڕێزیان ئومێدێکی گەورەی بە تەندروستی خۆیی و هەموو هاووڵاتییانی کوردپەروەری دانیشتووی سنووری پەلکانە و سەرگەڕان بەخشی.”































































