زارى کرمانجى-سۆران:
بەهۆی ناكۆكیی سەكردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای خزمەت و خانەنشینیی دەستەی حەشدی شەعبی، ڕێگریی لە بەڕێوەچوونی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق دەكرێت.
چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان، لە كۆبوونەوەكانیان لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای خزمەت و خانەنشینی حەشدی شەعبی بەردەوامن؛ چەند ڕۆژێک پێش ئێستە، چوارچێوەی هەماهەنگی، لە ماڵی هادی عامری، سەرۆكی ڕێكخراوی بەدر كۆبوونەوە و بەمەرج لەبارەی چۆنییەتی هەمواركردنەوەی یاساكە ڕێككەوتن. مەرجەكەش ئەوە بوو، دەسەڵات بدرێت بە سەرۆك وەزیران بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی، ماوەكەش پێنج ساڵ بێت.
بڕیار بوو ئەم هەفتەیە دوو ڕۆژ كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت، بەڵام ئەو یاسایە لەناو كارنامەی دانیشتنەكاندا نەبوو، بۆیە دانیشتنەكان دواخران. بڕیارە هەفتەی داهاتوو، كۆبوونەوەكان دەست پێ بکەنەوە، بەڵام تاوەکوو ڕێككەوتن نەكرێت، پەرلەمانتارانی شیعە ئامادە نین ڕێژەی یاسایی تەواو بكەن.
سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەبارەی ئەو یاسایە دابەشبوون، لایەك دەیەوێت فالح فەیاز، سەرۆكی دەستە خانەنشین بێت، لایەكی دیكە داوا مانەوەی فەیاز دەكەن وەک سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ناكۆكییەكان قووڵن و چەند كاندیدێك ناویان دێت.
هەموو یاسایەكی هەستیار لە عێراق بە ڕێككەوتن و جێبەجێكردنی داواكاریی پێكهاتەكانی عێراق تێ دەپەڕێت، بەڵام تاوەکوو ئێستەش ڕێككەوتن لەبارەی ئەو پرسە نەكراوە. داوای ڕێككەوتنی دەرەوەی پەرلەمان دەكرێت و سەركردەكانی سوننەكان داوای كۆبوونەوەی هاویەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیان كردووە، بەڵام تا ئێستە كۆبوونەوە نەكراوە.

































































