مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاشكرای دەكات، هێزەكانیان توانیویانە حەوت ئەندامی تیمی كەشتییەكی ئێرانیی ڕزگار بكەن، كە كەشتییەكەیان لە كەنداوی عەرەبدا نقوم ببوو.
فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا، لە فلاتفۆڕمی (ئێكس) بڵاوی كردەوە “دوێنێ سێشەممە هێزی دەریایی و پاسەوانی كەناراوەكانی ئەمریكا لە كەنداوی عەرەبی، حەوت دەریاوانی ئێرانی و هیندستانیان لەناو كەشتییەكی بازرگانی ئێرانیدا ڕزگار كردووە.”
سێنتكۆم ئاماژەی بەوەش كردووە دوای ئەوەی لەلایەن كەشتییە ئێرانییەكەوە پەیامی بۆ نێرراوە و داوای هاوكاری كردووە، هێزی دەریایی ئەمریكا لە ناوچەكە بەدەم بانگەوازەكەیانەوە چوونە و تەواوی تیمەكەیان ڕزگار كردووە.
پێنج كەس لەو حەوت كەسەی ڕزگاركراون، ئێرانی بوون و گوازرانەتەوە بۆ سەر كەشتییەكی هێزەكانی ئەمریكا بە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی.
لە ڕاگەیاندراوەكەی فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا ئەوەش هاتووە كەشتییە ئێرانییەكە، لە جیاتی ئاڵای وڵاتەكەی، ئاڵای وڵاتی قەتەری هەڵكردووە.

































































