سەنار شێرۆكی – ماستەر لە یاسای گشتی
سرنج لەسەر ڕەد کردنەوەی داوای دکتۆر لەتیف ڕەشبد لە داوای ژمارە ( 12/فیدراڵی/2025)
سەرۆکی کۆماری عێراق دکتۆر لەتیف ڕەشبد لە داوای ژمارە ( 12/فیدراڵی/2025) ک لەسەر هەر یەکە لە سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی تۆمار کرد، کە تیادا داوای کرد بوو
یەکەم: بە دەرکردنی فەرمانی بەپەلە (امر ولائی)، پابەندکردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە سەرجەم پۆلەکانیان و هەموو مانگەکانی پێشوو و هەروەها مانگەکانی دواتر. وداوا کرابوو بەوەی کەسیفەتی پلە لە داواکەیدا لە بەرچاو بگیرێت.
دووەم: پابەندکردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی بەبێ پچڕان یان دواکەوتن لەژێر هەر بیانوویەکی پەیوەست بە یەکلاکردنەوەی مووچە یان کێشە تەکنیکی و کارگێڕییەکان، وەکوو ڕێکارەکانی تری تەکنیکی و سەرپەرشتی.
سێیەم: جێبەجێکردنی پڕۆسەی تەوتینی (بە خۆماڵیکردن) مووچە بەگوێرەی ئەو ڕێنمایانەی کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە دەرچووە، کە بریتین لە مامەڵەکردن لەگەڵ بانکە حکومی و ئەهلییەکان، هاوشێوەی ئەو ڕێکارانەی لە حکومەتی فیدراڵیدا پەیڕەو دەکرێن. پێویستە ئەم پڕۆسەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی و ئابووری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، هەروەها پێویستە فەرمانبەران ئازادی هەڵبژاردنی ئەو بانکەیان پێبدرێت کە پێیان باشە مووچەکانیان تێدا دابنێن، ئەمەش بەگوێرەی ئەو ڕێسایانەی لە هەرێمدا کارپێدەکرێن.
چوارەم: پابەندکردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بە هەموارکردنەوەی ماددەی (12/ج) لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023، بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم بتوانێت ئەو بەڵێنانەی کە لە بڕگەی سەرەوە ئاماژەی پێکراوە جێبەجێ بکات بۆ دڵنیابوون لە بەشداریکردنی هەرێم لە دابینکردنی دارایی گەنجینەی گشتی هەرێم بە داهاتە نەوتییەکانی بە شێوەیەک کە دادپەروەری و شەفافیەت لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجەی گشتی فیدراڵی بەدەستبهێنێت. تەرخانکردنی (6) دۆلاری ئەمریکی بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم کە لە بڕگەکانی یاسای بودجەی ماددەی (12/ج) هاتووە، مەرجێکی ئارەزوومەندانەیە و زیان بە بەرژەوەندی گشتی بودجەی دەوڵەت دەگەیەنێت. بە خەسارێکی ئابووری بۆ ئابووری نیشتمانی عێراق دادەنرێت.
بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە داوای کردبوو فەرمانی بەپەلە دەر بکرێت تایبەتمەندییەکانی دادگای باڵای فیدراڵی بە پێی یاسای ژماۆە 30 ساڵی 2005 بە یاسای ژمارە 25 بۆ ساڵی2021 تایبەتمەندییەکانی دادگای باڵای فیدراڵ لە ماددەی 93ی دەستوور بەو شێوەی خوارەوەن.
یەکەم: چاودێریکردنی ڕادەی دەستووری بوونی یاسا و پێڕەوە کارپێکراوەکان.
دووەم: لێکدانەوەی دەقەکانی دەستوور.
سێیەم: یەکلاییکردنەوەی ئەو کێشانەی لە ئەنجامی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵیەوە درووست دەبن و ئەو بڕیار و پێڕەوو ڕێنماییو ڕێوشوێنانەی لە دەسەڵاتی فیدڕاڵیەوە دەردەچن، یاساش ماف دەدات بە هەریەک لە ئەنجوومەنی وەزیران و کەسانی خاوەن پلەو ئەوانی دی کە ڕاستەوخۆ لە دادگا ڕەخنە لەو بڕیارانە بگرن.
چوارەم: یەکلاکردنەوەی ئەو دووبەرەکیانەی لەنێوان حکومەتی فیدراڵیو حکومەتی هەرێمەکان و پارێزگاو شارەوانیو ئیدارە ناوخۆییەکان ڕوودەدات
پێنجەم: یەکلاکردنەوەی ئەو دووبەرەکیانەی لەنێوان حکومەتی هەرێمەکان یان پارێزگاکان ڕوودەدات.
شەشەم: یەکلاکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ سەرۆک کۆمارو سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیرەکان، ئەمەش بە یاسا ڕێکدەخرێت.
حەوتەم:.پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنە گشتییەکان بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی نوێنەران
هەشتەم:
ڕ- یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی لەنێوان بواری کاری دادگای فیدراڵی و دەستەی دادوەری هەرێم و پارێزگاکان کە ناکەونە سنووری پارێزگاکان.
ب- یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی لە بواری کاری دەستەی دادوەری هەرێمەکان و پارێزگاکان کە ناکەونە سنووری هەرێمەکانەوە.
دەرئەنجامی داواکەدا دادگای باڵی فیدراڵ بڕیاریدا:
یەکەم: جێبەجێکردنی پڕۆسەی تەوتینی (بە خۆماڵیکردن) مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی ڕێنماییەکانی بە خۆماڵیکردن کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە دەرچووە و لەو بانکانەی کە مۆڵەتی پێدراوە بە پێی ئەو ڕێکارانەی لە حکوومەتی فیدراڵی پەیڕەو دەکرێن، بە مەرجێک ئەمە کردارانە بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی دارایی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی و ئابووری لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانجێبەجێ بکرێن و فەرمانبەر ئازادە لە چ بانکەک ئەو پڕۆسەیە ئەنجام دەدات
دووەم: بڕیاری ڕەتکردنەوەی داوای یاسایی سەرۆکی کۆمار سەبارەت بە باقی داواکارییەکانی تێیدا بەهۆی نەبوونی تایبەتمەندی دادوەرییەوە.
هەموو ئەو جاواکارییانەی کە لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە داوا کرابوون واتە بڕگەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم پێشووتر بڕیاریان لەسەر دراوە و جێبەجێکردننیان خراوەتە ئەستۆی هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی هەردوو وەزارەتی دارایی و هەر بۆیەش چۆنییەتی جێبەجێ کردن یان ئالیەتی جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارەی گە پێشووتر داویەتی بە پێی یاسای دادگای فیدراڵ و ماددەی 03ی دەستووری هەمیشەی ساڵی 2005 لە تایبەتمەندی دادگادا نییە.
سەبارەت بە بابەتی تەوتین یان بە بانکی کردنی مووچەی فەرمانبەرانیش دەکرێت لە ڕێگەی هەموو بانکەکانەوە ئەنجام بدرێت و فەرمانبەران سەرپشک دەبن لە هەر بانکەک کە ئەنجامی دەدەن ئەوەش کۆتایی بە بابەتی تەوتین و خۆمالیکردنی مووچەی فەرمانبەران هێنا.































































