زاری كرمانجی-سۆران
ڕاگەیاندنی خانەی فەرهەنگی سۆران بڵاوی كردەوە: ” ستافی خانەكەمان توانیان بۆ ماوەی چوار مانگ بە بەردەوامی هاوكاری سەرەكی ستافی دەرهێنانی درامای “ئەدیابین ٢” بێت، بە دابینكردنی زیاتر لە (٦٥٠) كەس وەك “ئەكتەر و كۆمبارس” و زیاتر لە ١٥ ئەكتەری نیمچە سەرەكیی كچ و كوڕ بۆ درامایەكە.
درامای “ئەدیابین ٢” درامایەكی نەتەوەیی و مێژوویی گەلی كوردە كە مێژووی نێوان ساڵانی (١٩٥٨ تا ١٩٧٤) بە درامایەكی خۆماڵی دەخاتە بەر دیدی بینەرانی گەلی كوردستان.
وێڕای شەونخوونی زۆر و ماندووبوونی بەردەوام لەگەڵ ستافی دەرهێنان، بەڵام هەبوونی كچ و كوڕێكی ئاوا بەتوانای دەڤەری سۆران سەلماندی كە سۆران خاوەن سەرمایەیەكی زۆر باشی مرۆیی و گەنجی چالاكە. ئەوەی تاكو ئێستا نەیتوانیوە سوود لەم وزە و زیرەكییەی گەنجانی سۆران ببینێ، هۆكارەكە تەنها نەزانین و كەمئەزموونی خاوەن پێگە و دەسەڵاتی ئەم شارە بووە. ئەگەرنا، بە شایەدی خودی دەرهێنەر و سیناریۆنووسی درامای “ئەدیابین ٢” كە مامۆستا (حەسەن عەلی)یە، دەڵێت: “توانای گەنج و هاووڵاتیانی سۆران بە پیر و منداڵەوە بۆ من شۆكهێنەر بوو!” هەر لەبەر ئەم هۆكارەش بڕیاری داوە كۆمپانیای سینەمایی خۆی بهێنێتە سۆران لە ئایندەدا”.
ئەوەی ئێمەی خۆشحاڵ كرد، ستافی ئەدیابین ٢ توانی كوردانی هەر چوار پارچە كۆبكاتەوە بە ستافی پشت كامێرا و ئەكتەر و كۆمپارسەوە، كە كوردستانێكی گەورەی لە جوگرافیایەكی بچووكی سۆران كۆكردبووەوە. ئەم لێك نزیكبوونەوەیە كاریگەریی لە سەدان كۆنفرانس و كۆنگرە زیاتر بوو، چونكە خێزانەكانی كوردی لە هەر چوار پارچە تێكەڵی یەكتری كردبوو”.
وەك خانەی فەرهەنگیی شین، دوای چەندین ڕاگەیاندن و كۆبوونەوە لەگەڵ گەنج و لاوانی شارەكەمان، توانیمان توانای زۆرترین گەنج لەم درامایە بەرجەستە بكەین. هەروەها، وێڕای بەشداریكردن، بڕی ئەو هاوكارییەی تەنها لەلایەن ئێمەوە بە ئەكتەر و بەشداربووان درا، بریتی بوو لە زیاتر لە (١٨،٠٠٠،٠٠٠) ھەژدە ملیۆن دینار، ئەمەش وەك دەرفەتی كاری هونەری بە هەنگاوێكی زێڕین دادەنێین لە شارەكەمان.
لێرەوە دەستخۆشی لە هەموو گەنجانی شارەكەمان دەكەین، سوپاسی یەك بە یەكەی پیر و گەنج و منداڵانی شارەكەمان دەكەین كە بەدەم بانگەوازی ئێمەوە هاتن و بەشداری درامایەكە بوون و بە دڵێكی باش و جەستەیەكی بەهێز، پشوودرێژ بوون لەگەڵمان، بە پێوسیتی دەزانین سوپاسی ئەم لایەنانەی خوارەوە بكەین كە ھاوكارمان بوون لە دەستنیشانكردنی بەشێك لە ئەكتەر و كۆمبارەسەكان:
- پەیمانگەی ھونەرەجوانەكانی رواندز.
*بەرێوەبەریەتی رۆشنبیری سۆران.
*قوتابخانەی بارزانی ناحكومی.
*قوتابخانەی زانستی بنەرتی ناحكومی.
*قوتابخانەی دۆلاڤاژی ناحكومی.
*فێرگەی جاگوار بۆ كۆنفۆ لە سۆران.
*بەشی CDC زانكۆی سۆران.
مژدەی ئەوەشتان پێدەدەین لە مانگی رەمەزان” شین سینەما” درامای “ئەدیابین ٢ ” بە بێ بەرامبەر پەخش دەكات بۆ بینەرانی سۆران.