مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كوردە ونبووەكەی دەڤەری ڕاپەڕین، دوای 21 ساڵ لە بێسەروشوێن بوونی، لە ئەفریقاوە دەگەڕێتەوە كوردستان .
سەیفوڵا حوسێن، دانیشتووی ناحیەی سەرچاوەی دەڤەری ڕاپەڕین لە ساڵی 2003 لە ڕێگەی چوون بۆ هەندەران بێسەروشوێن بوو و پەیوەندیی لەگەڵ كەسوكارەكەی پچڕاو، چارەنووسی بە نادیاری مایەوە تا ساڵی ڕابردوو لە ئەفریقا دۆزرایەوە .
سەیفوڵا ساڵی 1996 بە مەبەستی چوونی بۆ هەندەران، چووەتە ئێران و ماوەی چوار ساڵ لەوێ ماتەوە و دواتر چووەتە دوبەی و لەوێشەوە ڕەوانەی سۆماڵ كراوە، سەیفوڵا هەر وەكوو خۆی باسی دەكات توانیویەتی بە هەر شێوەیەك بێت لە سۆماڵەوە خۆی بگەیەنێتە بەریتانیا، بەڵام دوای چەند ڕۆژ مانەوە لەو وڵاتە دووبارە دیپۆرتی سۆماڵ دەكرێتەوە، دواتر چارەنووس ئەوەی گەیاندە ئۆگەندا و لە ساڵی 2003یەوە پەیوەندیی لەگەڵ كەسوكاری دەپچڕێت، بڕیارە ئێوارەی چوارشەممە دوای 21 ساڵ دابڕان لە كەسوكاری لەگەڵ هاوسەرە ئەفریقییەكەی و منداڵەكەی لەڕێی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بگەڕێتەوە كوردستان .