زاری كرمانجی – سۆران :
بەبۆنەی حەفتا و دوو ساڵەی دامەزراندنییەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە گەرمی پیرۆزبایی لە یەكێتی قوتابیانی كوردستان دەكات و دەڵێت، داھاتووی كوردستان پشت بە زانست، زانیاری و داھێنان دەبەستێت و قوتابیان ھیوا و بناغەی سەرەكیی وڵاتن، بۆیە چاومان لەوەیە پێشەنگ بن.
دەقی پەیامی پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانی بۆ یەكێتیی قوتابیانی كوردستان :
یادی حەفتا و دوو ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان، بە گەرمی لە بەڕێزان سكرتێر و ئەندامانی سكرتاریەت و ئەندامانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان پیرۆز دەكەم، ھیوای سەركەوتن و پێشكەوتنی بەردەوامیان بۆ دەخوازم.
یەكێتیی قوتابیانی كوردستان لە دامەزراندنییەوە قوتابخانەی خەبات و ھۆشیاریی نیشتمانی بووە، ڕۆڵێكی سەرەكیی لە پێگەیاندنی سەركردە و كادیرە پێشكەوتووەكاندا بینیووە. شانازی دەكەم كە ڕۆژێك لە ڕۆژان بەشێك بووم لەم یەكێتییە و لەگەڵ ھاوڕێ قوتابییەكانم لە خزمەتی ئامانجە بەرزەكانیدا كارم كردووە. ئەم ئەزموونە گرنگیی ڕێكخستنی قوتابیان و بەھێزكردنی ھۆشیاری و باوەڕیان بە ڕۆڵیان لە بنیاتنانی كۆمەڵگە و نیشتماندا پشتڕاست كردەوە.
ئەمڕۆ وێڕای ئەركیان لە بەرگریكردن لە مافەكانی قوتابیان، بەرپرسیاریەتییەكی گەورەیان لە ئەستۆدایە بۆ ئامادەكردنی نەوەیەكی ھۆشیار و بەرپرسیار كە بڕوای بە بەھاكانی پێكەوەژیان و لێبوردەیی و یەكڕیزیی نیشتمانی ھەبێت و بە زانست و تەكنەلۆجیا ئامادەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەكانی سەردەم. بەردەوام پشتگیرییان دەكەین و متمانەمان بە تواناكانیان هەیە كە لە هەموو بوارەكانی ژیاندا سەركەوتوو بن.
داهاتووی كوردستان پشت بە زانست، زانیاری و داهێنان دەبەستێت و قوتابیان هیوا و بناغەی سەرەكیی وڵاتن. چاومان لەوەیە پێشەنگ بن، بەشداریی لە پێشكەوتنی كۆمەڵگەكەماندا بكەن و سوود لە ھەموو دەرفەتەكان وەربگرن بۆ پەرەپێدانی خۆیان و دەوڵەمەندكردنی ئەزموونی زانستی و كولتوورییان.
لەم یادەدا، بە ڕێز و پێزانینەوە شەھیدانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و ھەموو شەھیدانی كوردستان، بەبیر دەھێنینەوە. سڵاو لە تەواوی قوتابیانی كوردستان.
نێچیرڤان بارزانی
٢٠٢٥/٢/١٨