بەیاننامەی یەکێتی قوتابیانی کوردستان
بە بۆنەی 18ـی شوبات، 72ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی (یەکێتی قوتابیانی کوردستان) و ڕۆژی قوتابیانی كوردستان.
سڵاوی زانست و خەبات
کاتێک قوتابیانی کوردستان نەیاندەتوانی دەنگی ئازادی هەڵبڕن و داکۆکی لە ماف و شایستە سەرەتاییەکانی ژیان و خوێندنیان بکەن. کاتێک دوژمن لە هەموو لایەکەوە تەنگی بە گەلەکەمان هەڵچنی بوو و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەشمان بێ وچان لە قوربانیدان بەردەوام بوو. ئەو کاتە، دروست لە 18ـی 2ـی 1953، یەکێتی قوتابیانی کوردستان لەسەر ڕاسپاردەی ڕێبەر و کارێزما (بارزانی نەمر) لەدایک بوو.
قوتابیانی هێژا.
یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە دەمی دامەزرانییەوە تاکو ئێستا، بە کاری پیشەیی و مەدەنیی و بە ڕۆڵی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی هەستاوە و لەوساوە خۆی خستووەتە ژێر بەرپرسیارییەتییەکی گەورەی مێژوویی و نەتەوەیی.
یەکێتی قوتابیانی کوردستان لەم بەرپرسیارییەتییەدا، بە هەزاران کادیر و بە دەیان سەرکردەی بوێر و لەخۆبردووی بەرهەمهێناوە و سەدان کادیری ئازا لە ڕێی ڕزگاریی کوردستاندا گەیشتوون بە کاروانی شەهیدان. هەروەها لە دوای ڕاپەڕینی ئازادی ساڵی 1991، یەکێتی قوتابیانی کوردستان پاڵپشتی لە دامەزراوە شەرعییەکانی کوردستان کردووە و یارمەتیدەری سەرخستنی پرۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا بووە، لە پێناوی بونیادنانی کوردستانێکی پێشکەوتوو.
قوتابیانی سەرە ڕم.
یەکێتی قوتابیانی کوردستان، لە پاڵ ئەرکی داکۆکیکردن لە قوتابیانی کوردستان بێ جیاوازی ڕەنگ و دەنگ و ڕەگەز، پاڵشتی داوا ڕەوا و سەرەتاییەکانی مامۆستایان و پەروەردەکارانی دڵسۆزی ئەم نیشتمانەیە. کە بێ وەستان حکومەتی عێراق، لەسەری پێویستە، شایستە داراییەکانی مامۆستایان و تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات و ئەم ستەمە ڕابگرێت. چونکە مامۆستایان کۆڵەکەی بەرەوپێشچوونی ئەم ئەزموونەی وڵاتەکەمانن، نیشتمان تێکڕا قەرزدارباری ڕۆڵ و ئەرکییانە. لەگەڵ ئەمەشدا هیوادارین داواکاری مامۆستایان تێکەڵ بە یاری سیاسی و بەلاڕێدا نەبرێت.
قوتابیانی خۆشەویست….
یەکێک لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان سەربەخۆبوونی کوردستانە، لەم سۆنگەیەوە، یەکێتی قوتابیانی کوردستان پاڵپشتی سەربەخۆیی پارچەکانی دیکەی کوردستانە و هیوامان وایە، دواین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژوەندی خاک نیشتمان و گەلەکەمان بێت.
قوتابیانی ئازیز.
لە کۆتاییدا بەبۆنەی 72ـەمین ساڵوەگەری دامەزراندنی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و ڕۆژی قوتابیانی کوردستان، بەناوی سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، پیرۆزبایی لە تەواوی کادیر و ئەندامانی یەکێتییەکەمان و سەرجەم قوتابیانی کوردستان دەکەین.
سەری رێز و نەوازش دادەنەوێنین بۆ شەھیدانی سەربەرزی کوردستان و شەھیدانی یەکێتییەکەمان و شەھید (فەرەنسۆ ھەریری)، کە لە ڕۆژی قوتابیان تیرۆر کرا.
لەم یادە مەزنەدا سڵاو لە ڕابەری نەتەوەیی و باوکی ڕۆحی گەلەکەمان (بارزانی نەمر) و کاکە ئیدریسی ھەمیشە لە یاد.
یەکێتی قوتابیانی کوردستان
مەکتەبی سکرتاریەت
شوباتی 2025