زاری كرمانجی – سۆران :
چەند خولەكێك لەمەوبەر لە ڕێگەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانەوە، ئیسرائیل ئۆتۆمبێلێكی كردە ئامانج كە بەرپرسێكی باڵای حەماسی تێدا بووە.
بەگوێرەی سەرچاوە لوبنانییەكان، لەو هێرشەدا لانی كەم كەسێك كوژراوە و ڕووداوەكەش لە شەقامی ”سەیدا” لە باشووری لوبنان بووە.
میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویان كردەوە ئەوەی لە لوبنان كردوویانە ئامانج لێی محەممەد شاهین فەرماندەی كەتیبەكانی قەسام بووە و لە هێرشەكەدا سەركەوتوو بوون.
جگە لە میدیاكانی ئیسرائیل ماڵپەڕی حەدەسیش ئەو زانیارییەی پشتڕاست كردەوە و نووسیویەتی محەممەد شاهین فەرماندەی كەتیبەكانی قەسام لە هێرشەكەی ئیسرائیلدا كوژراوە.
هاوكات كەناڵی مەیادین ئاماژەی داوە كە سوپای لوبنان خێرا گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەكە و گەمارۆی ئەو ئۆتۆمبێلەی داوە كە كراوەتە ئامانج، ڕێگە بە هیچ كەسێك نادات لە شوێنی ڕووداوەكە نزیك بكەوێتەوە.
جگە لەمە كەناڵی NNA بڵاوی كردەوە، هێرشەكە لە نزیك كۆمەڵگەی وەرزشی ڕەفیق حەریری لە باكووری شاری سەیدا بووە، لە كاتێكدا ڕووی داوە كە بە پێی ڕێككەوتنی ئاگربەست، پێویستە سبەی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بكشێتەوە.
جێی باسە لوبنانییەكان ئیسرائیل بە پێشێلكردنی ڕێككەوتنی ئاگربەست تۆمەتبار دەكەن و پێیان وایە ئەوەی ئیسرائیل لە خاك و ئاسمانی لوبنان دەیكات، پێچەوانەی ڕێككەوتنەكانە.
سەرەتا وا بڵاو كرایەوە كە ئەوەی كوژراوە فەرماندەیەكی باڵای حیزبوڵڵا بووە بەڵام خێرا میدیاكانی ئیسرائیل ڕاستییەكەیان ئاشكرا كرد.