زاری كرمانجی – سۆران :
وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند “بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان ئامادەكاری كراوە و پێشبینی دەكەین لە كۆتایی مانگی سێ هەناردەكردنەوە دەست پێ بكات.”
ئەمڕۆ دووشەممە 17ـى شوبات، محەممەد كەمال ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “ئەمڕۆ شاندێكی وەزارەتی نەوتی عێراق دەگاتە هەولێر.”
زیاتر گوتی “شاندەكە لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان، لەگەڵیاندا كۆ دەبینەوە و باسی دواین پێشچوونەكان بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت دەكەین.”
باسی لەوەش كرد “لەتیف ڕەشید سەرۆككۆماری عێراق، هەمواری یاسای بودجەی عێراقی پەسەند كردووە، بەم زووانە لە ڕۆژنامەی فەرمیی حكومەتی فیدراڵی (وەقائیع) بڵاو دەكرێتەوە “هیچ بەربەستێك لە بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتەكە نەماوە و ئێمە لە ڕووی تەكنیكییەوە ئامادەین.”
وەزیری سامانە سروشتییەكان دەشڵێت “بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان، لایەنی سێیەمیش هەیە كە ئەویش توركیایە، دەبێت بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ ئەوانیش بگەینە ڕێككەوتن و گفتوگۆمان دەبێت.”
بەگوتەی ئەو وەزیرە، پێشبینی دەكرێت تا كۆتایی مانگی سێ هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان دەست پێ بكاتەوە.