زاری كرمانجی – سۆران :
سەرۆكی هەرێم دوای تەواوبوونی كۆبوونەوە و دیدارەكانی لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لە سەر دوو پرسی گرنگ، پرسی ئاشتی لە باكووری كوردستان گوتی”توركیا بە جددی هەوڵ دەدات ئەم پرۆسەی ئاشتییە جێبەجێ بكات”، هەروەها لە بارەی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژئاوای كوردستان و عێراقیش گوتی” داوامان كردووە كە هێزەكانی ئەمەریكا بمێننەوە”.
ئەم لێدوانەی نێچیرڤان بارزانی سهرۆكى ههرێمى كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بوو لە میونشن دوای بینیی چەندان بەرپرسی وڵاتان، لە نێویشیاندا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ماركۆ ڕوبیۆ و وەزیری دەرەوەی توركیا، هاكان فیدان.
سەرۆكی هەرێم لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانیدا گوتی “كۆبوونەوەیەكی باشمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هەبوو، باسمان لەو شتە هاوبەشانە كرد كە لە نێوان ئەمریكا و عێراق هەیە.” دەشڵێت “بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی ئەمریكامان كرد بۆ ئەوەی بێتە عێراق و لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی كونسوڵخانەی نوێی ئەمریكا لە هەولێر بەشدار بێت.”
لەبارەی كۆبوونەوەی لەگەڵ فیدان و پرۆسەی ئاشتی و سووریاوە نێچیرڤان بارزانی گوتی “ئێمە لە سووریا فاكتەری سەقامگیری دەبین و داوا لە برا كوردەكانمان دەكەین خۆیان بە خاوەنی سووریای نوێ بزانن.” جەختی لەوەش كردەوە “كاری لە پێشینەی ئێمە لە سووریا ئەوە بووە چۆن برایانمان لەوێ بپارێزین. لەوەشدا سەركەوتوو بووین. توركیاش لەوەدا یارمەتیدەر بووە.”
سەرۆكی هەرێم لە بارەی پرۆسەی ئاشتی نێوان كورد و تورك دەڵێت “لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا باسی ئەم پرۆسەیەمان كردووە و هەست دەكەم توركیا زۆر بە جددی هەوڵ دەدات ئەم پرۆسەیەی ئاشتی بەڕێوە ببات.”
سەرۆكی هەرێمی كوردستان داواكارە ئەم كێشەیە لە ڕووی سیاسییەوە بە ئاشتی چارەسەر بكرێت و هیواخوازیشە كە پارتی كرێكارانی كوردستان پێشوازی لە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بكات
































































