مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا، لە ڕاگەیاندراوێكدا كوشتنی بەرپرسێكی باڵای دارایی و لۆجستیكی ڕێكخراوی حوراس ئەلدینی سەر بە قاعیدەیان لە باكووری ڕۆژئاوای سووریای ڕاگەیاند .
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا (CENTCOM) لەسەر پلاتفۆرمی ئێكس بڵاوی كردەوە كە لە هێرشێكی ئاسمانی ورد لە باكووری ڕۆژئاوای سووریا، بەرپرسێكی باڵای دارایی و لۆجستیكی ڕێكخراوی حوراس ئەلدینی سەر بە قاعیدەیان كوشتووە.
( CENTCOM ) ناوی بەرپرسەكەی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام باسی لەوە كردووە كە “ئەم هەڵمەتە لە چوارچێوەی پابەندبوونی بەردەوامیی فەرماندەیی ناوەندییە، هاوشانی هاوبەشەكانمان لە ناوچەكە، بۆ پەكخستن و لەناوبردنی هەوڵی تیرۆریستان بۆ پلاندانان و ڕێكخستن و جێبەجێكردنی هێرشەكان.”
ڕێكخراوی “حوراس ئەلدین” ساڵی 2018 دامەزراوە، دوای كەوتن و ڕووخانی حكومەتی بەشار ئەسەد لە دیمەشق، بە فەرمیی ئاشكرای كرد كە لقی قاعیدەیە لە سووریا، ئەم ڕێكخراوە لە ساڵی 2019 لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا وەك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی جیهانی ناسێنراوە .































































