زارى کرمانجى-سۆران:
چەند سەرچاوەیەک بە سکای نیوزی عەرەبیان ڕاگەیاندووە، حەماس لە نامەیەکدا بۆ ڕێکخراوی کۆمەڵی ئیسلامی، ئامادەیی خۆی بۆ ڕادەستکردنی کەرتی غەززە بە دەسەڵاتی فەڵەستین و لیژنەی حکوومەتیی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە دەربڕیوە.
ئەو سەرچاوانە بۆ سکای نیوزی عەرەبی ڕوونیان کردەووەتەوە “حەماس تەنیا مەرجی ئەوەی داناوە کارمەندانی کەرتی غەززە دووبارە بگەڕێندرێنەوە بۆ ناو ئیدارەی نوێ یان خانەنشین بکرێن، لەگەڵ گەرەنتی ئەوەی مووچەکانیان بدرێت.”
سەرچاوەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە ”قبووڵکردنی حەماس بۆ ڕادەستکردنی حوکمی غەززە بە دەسەڵاتی فەڵەستین، دوای فشارى زۆری میسر بووە، بۆ سەر شاندی بزووتنەوەکە کە سەردانی قاهیرەیان کردووە.”
بەگوێرەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی ئەمەریکا، بڕیارە لەم هەفتەیەدا دانوستانەکان سەبارەت بە قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە و ئاڵوگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەکان بەرانبەر زیندانیانی فەڵەستینی بەردەوام بن.
ویتکۆف ئاماژەی بەوەش کردووە، گفتوگۆکان بەردەوام دەبن، بەگوێرەی فۆکس نیوز، بە تەلەفۆن زۆر ئەرێنی و بنیاتنەرانە لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر و حەسەن ڕەشاد، سەرۆکی هەواڵگری میسر، گفتوگۆی کردووە.
هەر سێ وڵات ڕۆڵی نێوەندگیرییان بینی لە گەیشتن بە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان کە لە 19ـی کانوونی دووەم دەستی پێ کرد و بڕیارە تا 1ـی ئازار تەواو بێت.

































































