نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سكرتێری گشتیی ناتۆ كۆبووەوە
لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 2025/2/15 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەڕێز مارك ڕۆتە، سكرتێری گشتیی پەیمانی باكووری ئاتڵەنتیك (ناتۆ)، كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا پێشهاتە ئەمنییەكانی عێراق و ناوچەكە و گرنگیی بەهێزكردنی پەیوەندی و هاوكاریی ناتۆ لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕاهێنانی هێزە ئەمنییەكاندا، تاوتوێ كرا.
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی كوردستانی بۆ پشتگیریی ناتۆ لە بواری بەهێزكردنی تواناكانی بەرگریی هێزەكانی پێشمەرگە دەربڕی و جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ئەم پشتگیرییە لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەكەدا، كردەوە.
لای خۆیەوە بەڕێز ڕۆته، پابەندیی ناتۆی بۆ بەردەوامیی پشتگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا كرد بۆ دەستەبەركردنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەكان لە ناوچەكە.
دۆخی سووریا و پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لایەنێكی دیكەی گفتوگۆكانی كۆبوونەوەكە بوو.

نێچیرڤان بارزانی جەخت لە گرنگیی پشتگیریی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی كوردستان دەكاتەوە
لە میانی كارنامەكەیدا لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 2025/2/15 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ بەڕێز ئەلێكساندەر دۆبرینت، سەرۆكی گرووپی پەرلەمانیی پارتی یەكێتیی كۆمەڵایەتیی مەسیحی () لە پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندستاگ)، باسیان لە پەیوەندییەكانی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و ناوچەكە، كرد.
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامیی پشتگیریی ئەڵمانیا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە، بەتایبەتی لە بواری ڕاهێنانی هێزەكانی پێشمەرگە و بەهێزكردنی ژێرخانی ئەمنیدا، هەروەها ئاماژەی بە خواستی هەرێمی كوردستان بۆ فراوانكردنی ئاسۆی هاوكاری لەگەڵ ئەڵمانیا لە هەموو كەرتەكاندا كرد.
لای خۆیەوە، بەڕێز ئەلێكساندەر دۆبرینت پابەندیی ئەڵمانیای بۆ پشتگیریی سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە، هەروەها ستایشی ڕۆڵی هەرێمی كوردستانی لە پاراستنی پێكهاتەكان و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكەدا كرد.

نێچیرڤان بارزانی و ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەییی بەریتانیا جەخت لە هاریكاریی هاوبەش دەكەنەوە
درێژەی كارنامەی دیدار و كۆبوونەوەكانیدا لە میونشن، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 2025/2/15 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەڕێز جۆناسان پاوڵ، ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەییی بەریتانیا كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا پێشهاتە ئەمنییەكانی عێراق و ناوچەكە و بەهێزكردنی هاوكاریی ئەمنیی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەریتانیا تاوتوێ كران، هەروەها تیشك خرایە سەر هەماهەنگی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی داعشدا.
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بەردەوامیی پشتگیریی بەریتانیای لە بواری ئاسایش و بەرگریدا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بە پێویست و گرنگ زانی، بەتایبەتی لە ڕاهێنانی هێزەكانی پێشمەرگە و بەهێزكردنی تواناكانیان، هەروەها پابەندیی هەرێمی كوردستانی بۆ كاری هاوبەش بۆ دەستەبەركردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا، دووپات كردەوە.
لای خۆیەوە، بەڕێز جۆناسان پاوڵ ستایشی ڕۆڵی هەرێمی كوردستانی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریدا كرد و پابەندیی بەریتانیای بۆ بەردەوامیی پشتگیریی لە عێراق و هەرێمی كوردستان و بەهێزكردنی هاوكاریی ئەمنیی نێوانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی و هەڕەشە ئەمنییەكان، دووپات كردەوە.
دۆخی سووریا و گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا كۆبوونەوە
لە میونشن، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 2025/2/15 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ بەڕێز ژان ـ نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، برەودان بە پەیوەندیی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ فەرەنسا و پتەوكردنی هاوكاری لە بواری سیاسی، ئەمنی و ئابووریدا، باس كرد.
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی پێزانینی گەلی كوردستانی بۆ دۆستایەتی و پشتگیریی بەردەوامی فەرەنسا بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پشتگیریی سەقامگیریدا، هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ فەرەنسادا، كردەوە.
لای خۆیەوە بەڕێز وەزیر ژان ـ نوێل بارۆ، گرنگیدانی فەرەنسای بۆ بەهێزكردنی هاوكاری لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دووپات كردەوە، هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە پاراستنی سەقامگیریی عێراق و ناوچەكەدا كرد و نوێكردنەوەی پابەندیی فەرەنسای بۆ پشتگیری لە عێراق و هەرێمی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەكاندا، ڕاگەیاند.
پێشهاتەكانی سووریا، بەتایبەتیش دۆخی كورد لەو وڵاتە و ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هۆڵەندا كۆبووەوە
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 2025/2/15 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە درێژەی چالاكییەكانیدا لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ بەڕێز دیك شۆڤ، سەرۆكوەزیرانی هۆڵەندا كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی هۆڵەندا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، چۆنیەتیی پتەوكردنی هاریكاریی هاوبەش لە بوارە جیاكاندا تاوتوێ كران، هەروەها بیروڕا لەبارەی پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكەوە، بەتایبەتی دۆخی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا.
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، جەختی لەسەر گرنگیی هاوبەشی لەگەڵ هۆڵەندا كردەوە و ستایشی ڕۆڵی هۆڵەندای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پشتگیریی بەردەوامی لە ڕاهێنانی هێزەكانی پێشمەرگە و بەهێزكردنی تواناكانیان، كرد.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆكوەزیران دیك شۆڤ، ئامادەییی هۆڵەندای بۆ بەردەوامیی پشتگیریی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و ئاماژەی بە خواستی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی هاوكاریی هاوبەش بەتایبەتی لە بواری ئاسایش و ئابووریدا، كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، خرانە بەر باس.

نێچیرڤان بارزانی جەخت لە بەردەوامیی هاریكاریی هاوبەش لەگەڵ ئەمەریكا دەكاتەوە
هەر لە درێژەی بەرنامەكەیدا لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 2025/2/15 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەڕێز ماركۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا برەودان بە پەیوەندیی ستراتیژیی ئەمەریكا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و بەردەوامیی هاریكاریی هاوبەشی نێوانیان لە هەموو بوارەكاندا، دۆخی ئەمنی و مەترسییەكانی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكانی داعش لە عێراق و سووریا، تاوتوێ كران.
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی كوردستانی بۆ پشتگیریی بەردەوامی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیریدا نیشان دا و جەختیشی لە گرنگیی بەردەوامیی هاریكاریی هاوبەش لەگەڵ ئەمەریكادا كردەوە.
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بەڕێز وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای بانگهێشت كرد بۆ ڕێوڕەسمی كردنەوەی باڵاخانەی نوێی كونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر، ئەویش خۆشحاڵیی بە بەشداریكردن لە ڕێوڕەسمەكەدا نیشان دا.
بەڕێز وەزیر ماركۆ ڕۆبیۆ دووپاتی كردەوە كە ئەمەریكا وەك هاوپەیمانێك، بە بایەخەوە لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا دەڕوانێت و پابەندیی ئەمەریكای بۆ بەردەوامیی پشتگیریی لە سەقامگیرییان دووپات كردەوە، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامیی هاوكاریی ئەمنی و سەربازی كرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هاوبەشەكان و بەهێزكردنی گەشەی ئابووری و پەرەپێدان.
دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە، بەتایبەتی سووریا و دۆخی كورد لەو وڵاتە، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ سیناتۆری ئەمەریكی ئیلیسا سلۆتكین كۆدەبێتەوە
لە میونشن، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 2025/2/15 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ سیناتۆر خاتوو ئیلیسا سلۆتكین، ئەندامی لیژنەی هێزە چەكدارەكان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمەریكا، چۆنیەتیی بەهێزكردنی هاوكاری لە بواری ئاسایش و بەرگریدا، پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆر و هەوڵەكانی هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكانی داعش، باس كران.
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی پێزانینی خۆی بۆ پشتگیریی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەربڕی، بەتایبەتی لە بواری ڕاهێنانی هێزەكانی پێشمەرگە و بەهێزكردنی تواناكانیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتیدا، هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامیی ئەم پشتگیرییە كردەوە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
لای خۆیەوە، سیناتۆر ئیلیسا سلۆتكین بەردەوامیی پشتگیریی ئەمەریكای بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی هەماهەنگیی ئەمنیی هاوبەش كرد بۆ دەستەبەركردنی سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە.
پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و سووریا، لەگەڵ چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكی بولگاریا كۆبوونەوە
لە چوارچێوەی كارنامەكەیدا لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 2025/2/15 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەڕێز ڕۆمێن ڕادێڤ، سەرۆككۆماری بولگاریا كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ بولگاریا، بەهێزكردنی هاوكاریی هاوبەش لە بواری ئابووریدا، پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و ناوچەكەیان تاوتوێ كرد.
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر خواستی هەرێمی كوردستان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بولگاریا كردەوە، هەروەها ستایشی ڕۆڵی بولگاریای كرد لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و كردنەوەی دەروازەی نوێ بۆ هاوكاری لە بوارە هاوبەشەكاندا.
لای خۆیەوە، بەڕێز سەرۆك ڕۆمێن ڕادێڤ ئامادەییی بولگاریای بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان نیشاندا، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی هاوكاری لە بواری ئەمنی و ئابووریدا كرد و ڕۆڵی هەرێمی كوردستانی لە پاراستنی سەقامگیری لە عێراق و ناوچەكەدا، بە كاریگەر لە قەڵەم دا.

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی ئەرمینیا كۆدەبێتەوە
هەر لە بەردەوامیی دیدار و كۆبوونەوەكانی دووەم ڕۆژی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 2025/2/15 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەڕێز نیكۆل پاشینیان، سەرۆكوەزیرانی ئەرمینیا كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەرمینیا تاوتوێ كران، هەروەها باسیان لە چۆنیەتیی بەهێزكردنی هاوكاری لە بواری ئابووری، كولتووری، كار و بازرگانیدا كرد و دەربارەی گەشتی ئاسمانیی ڕاستەوخۆی هەولێر ـ یەریڤان، بیروڕایان گۆڕییەوە.
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەرمینیا دەربڕی و دووپاتی كردەوە كە هەردوولا دەتوانن لە چەندین بواردا هاریكاریی هاوبەش بكەن، بەتایبەتی لەو كەرتانەدا كە بۆ هەردوولا پێویستن.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆكوەزیران نیكۆل پاشینیان، خواستی ئەرمینیای بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان دەربڕی، هەروەها ستایشی ڕۆڵی هەرێمی كرد وەك نموونەیەك بۆ پێكەوەژیان و سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
دۆخی سیاسی و ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا كۆبووەوه
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 2025/2/15 لە دووەم ڕۆژی دیدار و كۆبوونەوەكانیدا لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەڕێز ئەسعەد ئەلشەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی سووریا و عێراق و چۆنیەتیی بەهێزكردنی سەقامگیریی هەرێمایەتییان تاوتوێ كرد، هەروەها باسیان لە دۆخی پێكهاتەكانی سووریا و گرنگیی پاراستنی مافەكانیان و دەستەبەركردنی بەشدارییان لە داهاتووی وڵاتدا كرد.
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر پاراستنی مافەكانی گەلی كورد و تەواوی پێكهاتەكان لە سووریا و گرنگیی بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری كردەوە، هەروەها ئاماژەی بە پێویستیی چارەسەركردنی كێشەكان بە دیالۆگ و لێكگەیشتن و كاركردن بۆ داهاتوویەكی سەقامگیر بۆ هەموو پێكهاتەكانی سووریا كرد.
لای خۆیەوە، بەڕێز ئەلشەیبانی پابەندیی سووریای بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ڕەخساندنی بارودۆخی گونجاو بۆ دیالۆگی نیشتمانی دووپات كردەوە، هەروەها جەختی لەسەر خواستی سووریا بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و پتەوكردنی هاوكاریی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هەنووكەییەكان كردەوە.
دۆخی هەرێمایەتی و ئاڵنگارییە هاوبەشەكان، لەگەڵ چۆنیەتیی هاوكاریی داهاتوو بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەكەدا، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا كۆدەبێتەوە
هەر لە بەردەوامیی دیدار و كۆبوونەوەكانیدا لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 2025/2/15 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەڕێز دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێ كران، هەروەها باسیان لە چۆنیەتیی بەهێزكردنی هاوكاریی لە بواری سیاسی، ئەمنی و ئابووریدا كرد.
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی پێزانینی خۆی بۆ پشتگیریی بەردەوامی بەریتانیا لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەربڕی، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پەرەپێدانی دامەزراوە ئەمنییەكاندا، هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ئەم پشتگیرییە كردەوە بۆ دەستەبەركردنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
لای خۆیەوە، بەڕێز وەزیر دەیڤید لامی پابەندیی شانشینی یەكگرتووی بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و ڕایگەیاند بەریتانیا لە پشتگیریكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی هەماهەنگیی هاوبەش لە پرسە هەرێمایەتییەكان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنی و ئابوورییەكان كرد.
هەڵبژاردنی پەرلەمان و هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان، دۆخی سووریا و پێشهاتە هەنووكەییەكانی ناوچەكە، لەگەڵ چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

































































