زراى کرمانجى:
ئەمڕۆ رۆژی جیهانی شێرپەنجەی منداڵانە، 15ی شوباتی هەموو ساڵێک وەک رۆژی جیهانیی شێرپەنجەی منداڵان دیاریکراوە، بەگوێرەی دوایین ئاماری ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق، نزیکەی 2000 منداڵی تووشبووی شێرپەنجە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
دکتۆر سورا یاسین، بەڕێوەبەری هۆبەی تۆمارکردنی شێرپەنجە لە ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق، ئەمڕۆ لە لێدوانێکیدا رایگەیاند: “بەگوێرەی ئامارەکانمان، لە ساڵی 2023دا کە دوایین ئاماری کۆکراوەی عێراقە، 43 هەزار و 62 تووشبووی شێرپەنجە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، کە لەو ژمارەیە هەزار و 922 تووشبوویان منداڵی کۆرپە تاوەکو تەمەن 14 ساڵی بوون، هەزار و 62یان منداڵی کوڕ بوون و 860یشیان منداڵی کچ بوون”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو ژمارە تووشبووە 448یان گیانیان لەدەستداوە.
دکتۆر سورا یاسین باسی لەوەشکردووە، ”دیارترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە منداڵاندا شێرپەنجەی خوێنە، کە لەو ساڵەدا 551 منداڵ تووش بوون و لەو ژمارەیەش 140 کەسیان گیانیان لەدەستداوە، لە دوای ئەویش جۆرەکانی شێرپەنجەی مێشک و لیمفەگرێکان دێن.

































































