نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان له كۆنفرانسی میونشن، لهگهڵ ژمارهیهك له سهركرده و بهرپرسانی باڵای وڵاتان كۆبوویەوە، چهندین دیدار و كۆبوونهوهی گرنگی هەبووە دهربارهی پهیوهندییهكانی ههرێمی كوردستان و عێراق لهگهڵ وڵاتان و دوا پێشهاتهكان له ناوچهكه.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی ئیستۆنیا كۆبووەوە
هەر لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا، ئێوارەی هەینی ٢٠٢٥/٢/١٤، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئالار كاریس، سەرۆكی ئیستۆنیا كۆبووەوە.
كۆبوونەوەكە بۆ تاوتوێكردنی پەیوەندییە دوولایەنەكانی نێوان ئیستۆنیا و عێراق و هەرێمی كوردستان بوو، هەروەها باسیان لە چۆنیەتیی بەهێزكردنی هاوكاریی هاوبەش لە بوارەكانی ئاسایش، تەكنەلۆژیا و پەروەردەدا كرد.
نێچیرڤان بارزانی پێزانینی خۆی بۆ پشتگیریی ئیستۆنیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەربڕی، هەروەها ستایشی دەرفەتەكانی هاوكاریی لە بواری تەكنەلۆژیا و خوێندنی باڵای نێوان هەردوولادا كرد.
لای خۆیەوە، سەرۆك ئالار كاریس خواستی ئیستۆنیای بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بانگهێشت كرد بۆ سەردانی ئیستۆنیا، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی هاوبەشی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییە هەرێمایەتییەكاندا، كرد.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان، پێشهاتەكانی عێراق و سووریا، لەگەڵ چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئوردون كۆبووەوە
هەر لە بەردەوامیی دیدار و كۆبوونەوەكانیدا لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ئێوارەی هەینی ٢٠٢٥/٢/١٤، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەیمەن حوسێن عەبدوڵڵا ئەلسەفەدی، جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوە و كاروباری كۆچبەران لە شانشینی ئوردونی هاشمی كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی نێوان ئوردون و عێراق و هەرێمی كوردستانیان تاوتوێ كرد، هەروەها تیشكیان خستە سەر چۆنیەتیی بەهێزكردنی هاوكاریی هاوبەش لە بوارە سیاسی و ئابوورییەكان و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگیی پەیوەندییەكان لەگەڵ شانشینی ئوردونیی هاشمی كردەوە و ئاماژەی بە ڕۆڵی كاریگەری ئوردون لە پشتگیریكردنی سەقامگیریی هەرێمایەتیدا كرد، هەروەها خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ پەرەپێدانی هاوكاریی هاوبەش لەگەڵ ئوردون دووپات كردەوە.
لای خۆیەوە، ئەیمەن ئەلسەفەدی پابەندیی ئوردونی بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا دووپات كردەوە و ستایشی ڕۆڵی هەرێمی كوردستانی لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەكەدا كرد، هەروەها جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ و هاوكاریی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هەرێمایەتییەكان كردەوە.
پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەكانی سووریا و ناوچەكە، لەگەڵ چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ پەتریاركی كڵێسای سریانی ئۆرتۆدۆكس كۆبووەوە
هەر لە چوارچێوەی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا، ئێوارەی هەینی ٢٠٢٥/٢/١٤، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ پەتریارك ئیگناتیۆس ئەفرامی دووەم، پەتریاركی كڵێسای سریانی ئۆرتۆدۆكس لە ئەنتاكیا كۆبووەوە.
هەردوولا دۆخی مەسیحییەكان لە عێراق و سووریا و ئەو ئاستەنگانەی لە ئێستادا ڕووبەڕوویان دەبنەوە تاوتوێ كرد، هەروەها باسیان لە چۆنیەتیی بەهێزكردنی هەوڵەكانی ئاشتی و پێكەوەژیان لەنێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەكانی ناوچەكەدا كرد.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگیی پێكەوەژیانی ئاشتیانە و پاراستنی مافەكانی مەسیحییەكان و هەموو پێكهاتەكان كردەوە، هەروەها ئاماژەی بە پابەندبوونی هەرێمی كوردستان كرد لە پشتگیریكردنی فرەیی ئایینی و كولتووری و بەهێزكردنی ژینگەیەكی لێبووردەیی و ڕێز لە یەك گرتن.
لای خۆیەوە، پەتریارك ئیگناتیۆس ئەفرامی دووەم سوپاسی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ پاراستن و پشتگیریكردنی مەسیحییە ئاوارە و پەنابەرەكان، هەروەها ستایشی ڕۆڵی هەرێمی كوردستانی كرد وەك نموونەیەك بۆ پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە ناوچەكەدا.
دۆخی سووریا و ئاستەنگە هەنووكەییەكانی ناوچەكە، لەگەڵ چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەحرەین كۆبووەوە
هەر لە چوارچێوەی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا، ئێوارەی هەینی ٢٠٢٥/٢/١٤، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ د.عەبدوللەتیف بن ڕاشد ئەلزەییانی، وەزیری دەرەوەی شانشینی بەحرەین كۆبووەوە.
هەردوولا پەیوەندییەكانی بەحرەینیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرد و تیشكیان خستە سەر دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە، هەروەها باسیان لە چۆنیەتیی بەهێزكردنی هاوكاریی دوولایەنە لە بوارە هاوبەشەكاندا كرد.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگیی فراوانكردنی ئاسۆی هاوكاریی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی بەحرەین لە بوارە سیاسی و ئابوورییەكاندا كردەوە، هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە بەهێزكردنی سەقامگیریی ناوچەكەدا كرد.
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی بەحرەین خواستی وڵاتەكەی بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان دەربڕی و ستایشی ڕۆڵی هەرێمی كوردستانی كرد لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكەدا.
هەروەها هەردوولا دەربارەی دۆخی سووریا و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد.

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی كوێت كۆبووەوە
هەر لە میونشن، ئێوارەی هەینی ٢٠٢٥/٢/١٤، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ شێخ ئەحمەد ئەلعەبدوڵڵا ئەلئەحمەد ئەلسەباح سەرۆكوەزیرانی كوێت، كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی كوێت لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، دۆخی ناوخۆی عێراق و هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی هەولێر – بەغدا، دۆخی سووریا و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكەیان، تاوتوێ كرد.
هەردوولا ستایشی پەیوەندییە مێژوویییەكانی كوێت و هەرێمی كوردستانیان كرد و جەختیان لە فراوانكردنی هاریكاریی هاوبەش لە هەموو بوارەكاندا كردەوە. هەروەها هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و دوورخستنەوەی وڵاتانی ناوچەكە لە كێشە و ئاڵۆزی.
دەربارەی دۆخی سووریاش، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی ئارامی و سەقامگیریی وڵاتەكە و پاراستنی مافی تەواوی پێكهاتەكانی كردەوە، هەروەها بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسی و هەڕەشەكانی داعشیان بە پێویست زانی.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەورووپا كۆبووەوە
پاشنیوەڕۆی هەینی ٢٠٢٥/٢/١٤، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە بەردەوامیی دیدار و كۆبوونەوەكانیدا لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ خاتوو ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتیی ئەورووپا كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانی ستایشی پشتگیریی یەكێتیی ئەورووپای لە هەرێمی كوردستان كرد، هەروەها هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەكان و فراوانكردنی هاریكاریی هاوبەشی یەكێتیی ئەورووپا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا كردەوە، دەربارەی دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان و پێشهاتەكانی سووریاش، بیروڕایان گۆڕییەوە.
خاتوو ئورسولا بۆچوونەكانی نێچیرڤان بارزانی دەربارەی دۆخی سووریا و ناوچەكەی بەگشتی، بە جێی بایەخ لە قەڵەم دا، هەروەها ستایش و پێزانینی یەكێتیی ئەورووپای بۆ ڕۆڵی هەرێمی كوردستان و قارەمانیەتیی پێشمەرگە لە بەرەنگاربوونەوە و تێكشكاندنی داعش دووپات كردەوە و ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵ و بەشداریی ئافرەت لە شەڕی دژی داعش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی ھاوبەش، تاوتوێ كران.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی كۆنگرێسی ئەمەریكا دەكات
هەر لە درێژەی كارنامەكەیدا لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، پاشنیوەڕۆی هەینی ٢٠٢٥/٢/١٤، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ دۆستی دێرینی كوردستان، ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا سیناتۆر كریس ڤان هۆڵن، سوپاسی پشتگیریی بەردەوامی كۆنگرێسی ئەمەریكای لە هەرێمی كوردستان كرد.
لای خۆیەوە سیناتۆر هۆڵن ستایشی ڕۆڵی هەرێمی كوردستانی لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی لە ناوچەكە كرد و بەردەوامیی پشتیوانیی كۆنگرێس و دۆستانی گەلی كوردستانی لە ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان، دووپات كردەوە.
دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتی و لێكەوتەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری ناوخۆی ئەڵمانیا كۆبوونەوە
هەر لە چوارچێوەی چالاكییەكانیدا لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ٢٠٢٥/٢/١٤، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ هانز جۆرج ئەنگەلكە، وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری ناوخۆی ئەڵمانیا، باسیان لە هاریكاریی هاوبەشیی ئەمنیی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا جەختیان لە برەودان بە هاوكاریی ئەڵمانیا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەربارەی پرسی كۆچبەران و كۆچی نایاسایی و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوان كردەوە، هەروەها تیشكیان خستە سەر پەیوەندییەكان هەولێر ـ بەغدا و دۆخی ناوخۆی عێراق و هەرێمی كوردستان.
لە دیدارەكەدا وێڕای سەركۆنەكردن، نێچیرڤان بارزانی، هاوسۆزیی خۆی بۆ گەل و دەوڵەتی ئەڵمانیا و كەسوكاری قوربانیانی هێرشە تیرۆرستییەكەی دوێنێ لە میونشن دەربڕی كە لە ئەنجامی هێرشێك بە ئۆتۆمبێل، ژمارەیەك هاووڵاتی بریندار بوون.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان داكۆكی لە پاراستنی مافەكانی كورد و پێكهاتەكان لە سووریا دەكاتەوە
لە بەردەوامیی دیدار و كۆبوونەوەكانیدا لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، پێشنیوەڕۆی هەینی 2025/2/14 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەڕێز د. محەمەد ئەلخلێفی، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا باسیان لە برەودان بە پەیوەندییەكانی قەتەر لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كرد و تیشكیان خستە سەر دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان و دوایین پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە بەگشتی و سووریا بەتایبەتی.
هەردوولا پشتگیرییان بۆ ئارامی و سەقامگیری لە سووریا دووپات كردەوە و پرسی كورد و پێكهاتەكانیان لە سووریای تازەدا، خستە بەر باس. لەمبارەیەوە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی داكۆكی لە پاراستنی مافەكانی كورد و تەواوی پێكهاتەكان و بەشداریی كارایان لە بنیاتنانی داهاتووی سووریادا كردەوە.
پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەڵمانیا دەكات
لە چوارچێوەی كارنامەكەیدا لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بەیانیی ئەمڕۆ هەینی 2025/2/14 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ بەڕێز بۆریس پیستۆریوس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، باسیان لە پەیوەندییەكانی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا كرد و دەربارەی هەڕەشەكانی داعش و پێشهاتەكانی ناوچەكە بەتایبەتی سووریا، بیروڕایان گۆڕییەوە.
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی پێزانینی هەرێمی كوردستانی بۆ یارمەتیدان و پشتیگریی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەربڕی، هەروەها جەختی له گرنگی و پێویستیی هەرێمی كوردستان بە بەردەوامیی ئەم هاوكارییانە كردەوە.
لای خۆیەوە، بەڕێز وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا پابەندیی ئەڵمانیای بە پشتگیریی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە، هەروەها بەهێزكردنی هاریكاریی هاوبەشی ئەڵمانیای لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە پێویست لە قەڵەم دا.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا كۆبووەوە
لە میانی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا، بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 2025/2/14 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ بەڕێز گویدۆ كرۆسێتۆ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا و بەهێزكردنی هاریكاریی هاوبەشی نێوان هەردوولا و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكانی داعشیان تاوتوێ كرد.
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی پێزانینی هەرێمی كوردستانی بۆ ئەو پشتگیرییە دووپات كردەوە كە ئیتاڵیا لە بواری ڕاهێنانی هێزەكانی پێشمەرگە و بەهێزكردنی تواناكانی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا پێشكەشی دەكات، هەروەها داكۆكی لە پێویستیی عێراق و هەرێمی كوردستان بە بەردەوامیی پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی یەكجارەكیی داعش كردەوە.
لای خۆیەوە، بەڕێز وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا جەختی لەسەر گرنگیی هاوبەشیی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و پابەندیی وڵاتەكەی بۆ بەردەوامیی پشتگیریی پێشمەرگە و بەهێزكردنی هاوكاریی سەربازی و ئەمنی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا كردەوە، هەروەها ستایشی ڕۆڵی هەرێمی كوردستانی كرد لە پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەكانی عێراق و ناوچەكە، بەتایبەتی دۆخی سووریا و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.
































































