خاوەنی نووسینگەیەكی خانووبەرە: هاووڵاتییان بەهۆی بێكاری و بێ بازاڕی شارەكەیان، موڵك و ماڵیان دەفرۆشن و روو لە هەولێر دەكەن
پشتیوان كەریم – ڕواندز:
بەپێی بەدواداچوونێكی مەیدانی زاری كرمانجی لە قەزای رواندز، بەشێكی زۆری خانووەكان لەسەری نوسراوە بۆ فڕۆشتن، خاوەنی یەكێك لە نووسینگەكانی خانووبەرە، هۆكاری فڕۆشتنی خانوو لەلایەن هاووڵاتییانی شارەكە دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی دەرفەتی كار و بێ بازاڕی.
زیرەك عەبدولعەزیز خاوەنی نووسینگەی بێرۆیان لە قەزای ڕواندز, بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” فڕۆشتنی خانوو لە قەزای ڕواندز بە هۆی بێ بازاڕی و نەبوونی دەرفەتی كارە، كە هاووڵاتییانی ناچار كردووە دەستبەرداری شوێن ژیان و موڵك و ماڵی خۆیان ببن و هەرزان فڕۆشی بكەن،”
زیرەك ئەوەش دەڵێ:” سەرەڕای ئەوەی لە ئێستادا بەراورد بە قەزاكانی تر نرخی خانوو لێرە هەرزانترە، بەڵام هاووڵاتییان بە ناچاری دەیفڕۆشن و بە مەبەستی پەیدا كردنی كار و ژیانێكی شایستەتر بۆ خۆیان و خێزانەكانیان روو لە هەولێر دەكەن”،
خاوەنی نووسینگەی خانووبەرەی بێرۆیان ئەوەشی خستە ڕوو:” لە ڕابردوو هاووڵاتییانی شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان و لە دەرەوەی وڵات، خانوویان لە قەزای ڕواندز دەكڕی بۆ گەشتیاری،”
زیرەك باس لەوە دەكات بە بەراورد بە چەند ساڵێك بەر لە ئێستا نرخی خانوو زۆر دابەزیووە لە شارەكە و دەڵێ:” خانوو لە گەڕەكی شەهیدان نرخی لە پێنج دەفتەر دابەزیوە بۆ سێ دەفتەر و نرخی خانووی لاوان، لە حەوت دەفتەر بۆ سێ دەفتەر و نیو دابەزیوە.”