مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی توركیا، هاوسەرۆكی گەورەشارەوانیی وان لە باكووری كوردستان لە كارەكەی دوورخرایەوە و قەیوم لە جێگەی دانرا.
ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا، بڵاوی كردەوە “بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 15ـی 2ـی 2025، عەبدوڵڵا زەیدان، هاوسەرۆكی گەورەشارەوانیی وان لە كار دوورخرایەوە، ئۆزان باڵجی، پارێزگاری وان بە وەكالەت، كرایە سەرۆكی شارەوانییەكە.”
ئاماژەی بەوەشكردووە كە پۆلیس دەستی بەسەر شارەوانی وان داگرتووە و تەواوی چالاكوانان و ڕۆژنامەنوسان كە لە شوێنەكەدا گردبوونەتەوە گەمارۆ دراون .
هاوكات وەزارەتی ناوخۆی توركیا لەمبارەوە ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و دەڵێت “عەبدوڵڵا زەیدان، بە تۆمەتەكانی (هاوكاریكردن و بانگەشەكردن بۆ ڕێكخراوی تیرۆریستیی چەكدار) ڕۆژی 11ی شوباتی 2025، لەلایەن دەستەی دادوەرانی پێنجەمین دادگای سزا قورسەكانی ئامەد، سزای 3 ساڵ و 9 مانگ بەندكردنی بەسەردا سەپێنرا.”
دەشڵێت “بەپێی مادەی 45 و 46ی یاسای ژمارە 5393ی یاسای شارەوانییەكان و مادەی 127ی دەستووری توركیا، بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا زەیدان لە ئەركی سەرۆكشارەوانی. “
































































