رێبوار حەمەلاو شوانی
رۆژ بە رۆژ ئاستی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەرەو ئاستێکی زۆر باش و سەرکەوتوو هەنگاو دەنێت ، سەردان و بانگهێشتە فەرمییەکان لە سەر ئاستی ناوچەکە و وڵاتانی جیهان و بەشداریکردن لە لە کۆڕبەند و کۆنفرانس هەرێمایەتی و جیهانییەکان لە بوارە جێاوازەکانی وەک ئابووری و سیاسی و کەشوهەوا لە ئاست سەرۆک و سەرکردە و شاندی بەرزەکان ئاماژەیەکی روونن بە سەرکەوتنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەهێزتربوونی رۆڵ و کاریگەری کوردستان ، هەڵبەتە ئەندازیاری ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییانە لە رابردوو و ئێستاشدا بارزانییە .
هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی یاسایی و دەستووری بووەتە خاوەن سەنگ و پێگە و ناوەندێکی گرنگ بەتایبەتی کە لە رووی جوگرافیا و ئابووریی و کانزاییەوە ناوچەیەکی گرنگ و ستراتیژییە ، هەر بۆیە ، مەسروور بارزانی ، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی رۆڵی بەرچاو و گرنگی بینیووە و وایکردووە کە سەرنجی وڵاتانی ناوچەکە و جیهانی بەلایی خۆیدا راکێشاوە ، بەتایبەتی لەماوەی 5 ساڵی رابردوو ، بە شێوەیەکی فەرمی بانگێهشت و بەشداری لە کۆنفرانس و کۆڕبەند و کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ وڵاتانی زڵهێزی جیهان و ناوچەکە سازکردووە ، لەو کۆبوونەوانەشدا توانیوێتی زۆر سەرکەوتووانە ، پەیوەندی نوێ و بەهێز و هەماهەنگی و کاری هاوبەشی دروستکردووە.
هەروەها هەرێمی کوردستان توانیوێتی لە رووی دروستکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بەتایبەتی لە ڕووی ئابوورییەوە کاریگەری ڕاستەخۆیی لە سەر پێشکەوتن و گەشەسەندنی ئابووری هەرێم و پتەوکردنی ئابوورییەکی هەبووە ، بەهێزتربوونی ئاستی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی هەر دوو وڵاتی میرنیشینی یەکگرتووی ئیمارات و میرنیشینی قەتەر، وایانکردووە جگەلە پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکان ئاستی پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانی و بوارەکانی تریش بگاتە لووتکە ، ئەوەش وایانکردوە هەرێمی کوردستان بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی گەشەسەندنی ئابووریان زیاتر هەرێمی کوردستان بەرەو ئاوەدانی و گەشەسەندوویی زیاتر ببات .
هەموو ئەو هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییانەی سەرۆکوەزیرانی کوردستان ، وایانکردووە کە ، رۆژ بە رۆژ ویستی وڵاتان بۆ بەستنی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکەن ، بە دەیان کۆمپانیا ناوداری جیهانی و ناوچەیی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و پەیوەندییە بازرگانییەکانیان پتەوتر بکەن و كاری وەبەرهێنان و بەشداربن لە پرۆسەی پێشکەوتن و گەشەپێکردنی کوردستان .
هەروەها هەرێمی کوردستان بە جیاوازی لە گەڵ ناوچەکانی باشووری و ناوەڕاستی عێراق ، هەم لە ڕووی سەقامگیری و ئاشتی و پێکەوەژیان و هەمیش لەڕووی ئەو سەروەتە کشتوکاڵی و نەوت وکانزایی و گونجاوبوونی لە ڕووی گەشتیارییەوە وایکردووە کە خواستی وڵاتانی ناوچەکە وجیهان بۆ کاری پێکەوەیی زیاتر بەرەو پێشەوە بروات، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا بۆ گەشەسەندنی ئابووریی و پەپوەندییەکانی هەرێمی کوردستان گرنگ و کاریگەرە .
ڕاستە هەرێمی کوردستان جارێ دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە ، بەڵام وەک قەوارەیەکی دەستووری لە عێراق ، خاوەن ژمارەیەکی بەهێز و دیارە و ئاستی پەیوەندییەکانی زۆر و بەرچاوە، ئەوەش وادەکات لە ئێستا و داهاتووشدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش بەهۆی ئەو شوێن و ئارامی و ئاشتی و پێکەوەژیان و سەقامگیرییە زیاتر بەرەو گەشەسەندوویی زیاتر هەنگاویی ناوە