بەختیار سەباح -زارى کرمانجى:
لیست و پسولەى خەرجى پارەى کارمەندانى سەر سندوقەکانى دەنگدان گەیشتە بانکەکانى ئیدارەى سۆران و ڕۆژى یەکشەممەى داهاتوو دابەش دەکرێت.
هۆشمەند رەسول، بەڕێوەبەرى بەنکى ڕواندز بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند: ” لیست و پسولەى خەرجى پاداشتى کارمەندانى سەر سندوقەکانى دەنگدان گەیشتۆوەتە لاى ئێمە، ڕۆژى یەکشەممەى داهاتوو 16ى شوباتى 2025، دەست بە دابەشکردنى دەکرێت”.
ئاماژەى بەوەشکرد، ” بڕى پێدانى پارەکە بەو شێوەیە دیاریکراوە، بۆ رێکخەرى ناوەند ( مرکز ) 350 هەزار دینارە، بەڕێوەبەرى وێستگە و کارمەندانى سەر سندوق 150 هەزار دینارو کارمەندانى یەدەگ، 50 هەزار دیناریان پێ دەدرێت”.
هەروەها زیاتر روونیکردەوە، ” ئەو کارمەندانەى دانەمەزراون و مووچەخۆر نین، بڕی 250 هەزار دینار وەردەگرن، هەروەها پێویستە کارمەندەکە خۆى ئامادەبێت و بەڵگەنامەیەکى سەلێنراوى پێ بێت”.
بەڕێوەبەرى بەنکى ڕواندز باسى لەوەشکرد، لەهەر ناوەندێکى دەنگدان کەموکوڕییەک هەبووبێت یان کەلوپەلێک نەگەڕاندرابێتىەوە، ئەوە پارەکە لە ڕێکخەرى ناوەند دەبڕدرێت”.