موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی:
ساڵی رابردوو، جۆرە نەخۆشیەك لە نێو دار و باری هاووڵاتییانی قەزای چۆمان بڵاوبووەوە كە تا ئێستاش چارەسەری ڕیشەیی نەكراوە، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی قەزاكەش، هۆكارەكە بۆ زۆری دابارین دەگەڕێنێتەوە .
دڵشاد حوسێن بەڕێوەبەری كشتووكاڵی قەزای چۆمان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” ساڵی ڕابردوو، جۆرە نەخۆشیەك لە نێو دار و باری سنووركەمان بڵاوبووەوە، بەپێی پشكنینەكان دەركەوت بەهۆی ڕێژەی زۆری دابارین و زۆربوونی ڕادەی شێ لە هەواوە بووە، كە بووە هۆی بڵابوونەوەی نەخۆشی جۆری” ئەنتڕاكنۆس ئەلنترنالیا” .
دووپاتی كردەوە، نەخۆشیەكە زیاتر كەڕوویە لە نێو دار و بارەكان بە تایبەت لە نێو دار گوێز بڵاوبووەوە و بووە هۆی لە ناووچوونی 30%ی بەرەكەیان، كە بەداخەوە نەتوانرا چارەسەری پێویست بۆ نەخۆشیەكە بدۆزرێتەوە .
زیاتر گووتی:” نەخۆشیەكە بە با دەگوازرێتەوە، لە هەمان كات كاتێ ڕادەی شێ زیاد دەبێ نەخۆشیەكە تەشەنە دەكات، سەرووی خۆمان لەو نەخۆشیە ئاگادار كردەوە، تەنانەت چەند لیژنەیەكی پسپۆڕیشمان هێنا بەڵام چارەسەری پێویستی نەدۆزرایەوە .
گووتیشی:” كاریگەری نەخۆشیەكەی ساڵی رابردوو، تا ئێستا لەسەر دار و بارەكان دەرنەكەوتووە و ئومێدەوارین دار و باری هاووڵاتییان وەك ساڵی رابردوو زیانیان پێنەگات .

































































