حەسیب ئەدیب زاخۆیی – ئەڵمانیا :
زەلال پاپو كچە كوردی باكووری كوردستان و كاندیدی پەرلەمان لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا، لە چاوپێكەوتنێكی تایبەت لەگەڵ زاری كرمانجی باس لە ئامانجی خۆكاندیكردنەكەی دەكات و داواش لە كوردانی دانیشتووی ئەڵمانیا دەكات لە رۆژی دەنگدان ئامادەیی باشیان هەبێت و دەنگی پێ بدەن.
زەلال لە وەڵامی پرسیارێكی زاری كرمانجی باس لەو پاڵنەرانە دەكات كە وایانلێكردووە خۆی بۆ پەرلەمان كاندید بكات و دەڵێ “پاڵنەری من بۆ خۆكاندیدكردن بۆ پۆستەكە، بەرەوپێشبردنی چالاكانە و بەرژەوەندی هاوڵاتیانە. من دەمەوێت بەشداری بكەم لە گەشەپێدانی ئەرێنی كۆمەڵگاكەمان، كار بۆ دادپەروەری كۆمەڵایەتی بكەم و دەنگێكی بەهێز بم بۆ فرەچەشنی و دەرفەتی یەكسان.”
كچە كوردە كاندیدەكەی شاری هامبۆرگ، لە بارەی ئامانجەكانیشەوە دەڵێت “ئامانجم داكۆكیكردنە لە هەموو خەڵكی شارەكەم و دەرەوەی شارەكەم، هەروەها بۆ من گرنگە هەموو ئەو كەسانەی لێرە دەژین – بەبێ گوێدانە ڕەچەڵەكیان – دەرفەتی یەكسانیان هەبێت و مافەكانیان پارێزراو بێت،”
زەلال لە رێگەی زاری كرمانجی یەوە پەیامێكی تایبەت بۆ كوردانی دانیشتووی ئەڵمانیا دەنێرێت و دەڵێ”بڕۆ بۆ هەڵبژاردنی دەوڵەت لە ٢ـی ئازاردا و دەنگی خۆت بەكاربهێنە، من خۆم بۆ پۆستی ٤٧ لە لیستەكەدا كاندید دەكەم و قەناعەتم وایە تەنها پێكەوە دەتوانین شتەكان بگۆڕین. نوێنەرایەتی بەهێز لە پەرلەماندا زۆر گرنگە بۆ ئەوەی نیگەرانییەكانی كۆمەڵگاكەمان دیار بێت. دیموكراسی لەسەر بەشداریكردن گەشە دەكات – با پێكەوە كار بكەین بۆ دروستكردنی كۆمەڵگایەكی دادپەروەرتر و هەمەچەشنتر.”
زەلال پاپۆی تەمەن 26 ساڵ، خەڵكی جزیرەی بۆتانی باكووری كوردستانە و لە دایكبووی شاری ڕۆستۆكە و ماوەی شەش ساڵە ئەندامی CDU ە و كاندیدی ئەو حزبەیە لە شاری هامبۆرگ .