زارى كرمانجى – سۆران :
حکومەتی بەریتانیا لە بڕیارێکی نوێدا ڕایگەیاند، ئەگەر کەسێک بە بەلەمی بچووک یان خۆشاردنەوە لەنێو ئۆتۆمبێل چووبێتە وڵاتەکە، چی دیکە وڵاتیانامەی پێنادرێت.
حکومەتی بەریتانیا لە بریارێکدا کە لەلایەن پارتی کارەوە پاڵپشتی دەکرێت، ڕایگەیاند” ئەو کەسانەی بە بەلەمی بچووک یا خود خۆشاردنەوە لەنێو ئۆتۆمبێل چووبێتە وڵاتەکە چیدیکە مافی وڵاتینامەیان پێنادرێت ئەگەر تەنانەت مافی نیشتەجێ بوونیشیان پێ بدرێت”.
بەپێی زانیارییەكانی نێو ناوەڕۆكەكە بڕیارەکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە پێش ١٠ـی شوباتی ئەم ساڵ چوونەتە ئەو وڵاتە و لەدوای ئەو رێککەوتەوە داواکاری بۆ وەرگرتنی وڵاتینامە پێشکەش دەکەن.
ئەنجوومەنی پەنابەران رایگەیاندووە” ئەو هەنگاوە بە نزیکەیی ٧١ هەزار کەس دەگرێتەوە کە بە سەرکەوتوویی داواکاریی مافی پەنابەرییان پێشکەش کردووە، بەڵام رێگرییان لێ دەکات داوای وڵاتینامەی بەریتانی بکەن. پارێزەرێکی دیاری کۆچبەرانیش، بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەمە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە”.
ئەو پێشهاتە وەک نووێترین بەڵگە سەیر دەکرێت کە دەریدەخات حکومەتەکەی کیەر ستامهر “هەڵوێستێکی تووندی” لەسەر پرسی کۆچبەران گرتووەتەبەر.
































































