محەممەد مەحموود-رواندز:
دوای ئەوەی بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستی گوندی گەرەوان لە دۆڵی ئاکۆیان، لە سنووری قەزای رواندز خانەنشین بوو، ئێستا ئەو بنکەیە بێ بەڕێوەبەرە و دکتۆری پسپۆڕی لێ نییە ، خانمێکی پەرستارێک کارەکان رادەپەڕێنێت بەرێوەبەری تەندروستی سۆرانیش دەڵێت” دکتۆری هەیە تەنها بەڕێوەبەر دانەندراوە”.
رزگار شێخۆ، موختاری گوندی گەرەوان بە زاری کرمانجی راگەیاند” لە ئێستادا بنکەی تەندروستی گوندەکەمان بێ بەڕێوەبەرە،دوای ئەوەی بەڕێوەبەری پێشووی بنکەی تەندروستی گەرەوان خانەنشین بوو، تا ئێستا هیچ دکتۆرێک بۆ بنکەکەمان نەنێردراوە، هەندێ رۆژ هەر ئەو دکتۆرە خانەنشین بووە دێتەوە بۆ گوند بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشخانەکان، لەگەڵ ئەوەی داوامان لە لایەنی پەیوەندیدار کردووە بۆ دابنیکردنی دکتۆرێک بۆ بنکەکەمان کەچی تا ئێستا بنکەی تەندروستی گوندی گەرەوان بێ بەڕێوەبەر ماوەتەوە.
موختاری گوندی گەرەوانی خواروو، گوتیشی” لە ئێستادا پەرستارێک لە بنکەکە هەیە، تەنها دەتوانێ هەندێ فریاگوزاری سەرەتایی بۆ نەخۆش بکات، ناتوانێ چارەسەری نەخۆشەکانی تر بکات، ئەو پەرستارە ماڵی لە رواندزەو رۆژانە هاتووچۆ دەکات و ناشتوانێ کارە کارگێڕییەکان بکات، لە گەڵ ئەوەی دوو خۆبەخشیش لەو بنکەیە ناویان هەیە بەڵام دەوامکردنیان هەموو ڕۆژ نییە، جاری واهەیە هەفتەی رۆژێک یان دوو رۆژ دێن، ئەمەش گرفتی بۆ دانیشتووانی گوند دروست کردووە لە کاتی نەخۆش کەوتنیان.
لەم بارەیەوە د. حەمرین مینە، بەڕێوەبەری تەندرستی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند” وەک بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستی گوندی گەرەوان کەس دانەندراوە، ئەو دکتۆرەی لەوێیە نەخۆشەکان دەبینێت، بەڵام بۆ بابەتی راپەڕاندنی کارە کارگێڕییەکان ناتوانێ کارەکان بکات .
ساڵی رابردوو بنکەی تەندروستی گوندی گەرەوان بە گوژمەی ١٣٠ ملیۆن دینار لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران سەر لەنوێ دروستکرایەوە و کرایەوە بەرووی هاووڵاتییان وەک گرنگی پێدان بە ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، تەواوی پێداویستییەکانی بۆ دابین کرا، ماوەیەک پێش ئێستا بەڕێوەبەری ئەو بنکەیە خانەنشین بوو لە کارەکەی. دانیشتووانی گوندی گەرەوان 400ماڵ دەبێت جگە لەوەی گوندەکانی گەرەوانی سەروو و سەرانیش سوود لەو بنکەیە وەردەگرن.