مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی تیمێكی وەزارەتی تەندروستی ئێران، بۆ پشكنینی لەناكاوی نەخۆشخانەكان، 11 پزیشك و پەرستاری جوانكاری دەستگیركران .
ڕۆژنامەی (جەهانی سەنعەت) ی فارسی لە ڕاپۆرتێكی دا ئاشكرای دەكات كە هەندێك لە نەخۆشخانە و سەنتەرەكانی جوانكاری، یاری بە گیانی نەخۆشەكان دەكەن و تەنیا لە نەخۆشخانەیەك 11 پزیشك و پەرستار بەم هۆیەوە دەستگیركراون.
لە ڕاپۆرتەكە هاتووە “لێكۆڵەرانی وەزارەتی تەندروستی، پشكنینی لەناكاوی نەخۆشخانەی ئاپادانایان ئەنجامدا و 11 پزیشك و پەرستاریان دەستگیركرد،”
دەشڵێت “لەم نەخۆشخانەیە دەركەوت كە دوو پزیشكی گشتی بە ڕێكلامەكانی ئینستاگرام نەخۆشەكان ڕادەكێشن و نەشتەرگەریی جوانكاری بۆ پەرستارانی نەشارەزا بەجێ دەهێڵن.”
باسی لەوەش كردووە “ئەم پزیشكانە لە ڕۆژانی پشوودا لە نێوان2 بۆ 8 نەشتەرگەرییان ئەنجام دەدا، بەبێ ئەوەی خۆیان بەشداری لە نەشتەرگەرییەكان بكەن.”
هەر لە ڕاپۆرتەكەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو كە لە كاتی پشكنینەكەدا، یەكێك لە پزیشكەكان خەوتبوو، ئەوەی دیكەش جگەرەی دەكێشا و وەڵامی پەیامەكانی ئینستاگرامی دەدایەوە، لە كاتێكدا پەرستارەكان سەرقاڵی نەشتەرگەری بۆ نەخۆشەكان بوون.
ڕۆژنامەی ناوبراو ئاماژەی بەوەش كردووە كە بەشێكی زۆری نەخۆشخانە و سەنتەرەكانی جوانكاری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەكار دەهێنن بۆ ڕاكێشانی هاووڵاتییان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و دواتریش بەم شێوەیە یاری بە گیانی نەخۆشەكان دەكەن .