زارى کرمانجى:
شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی سەردانی هەولێر دەکەن و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان تاوتوێ دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 10-02-2025، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، شاندی پارتەکەیان بۆ ئیمرالی کە دوو جار لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبوونەوەتەوە، سەردانی هەولێر دەکات.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، شاندەکەی دەم پارتی ڕۆژی یەکشەممە، 16-02-2025، سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.
شاندەکەی دەم پارتی لە پەروین بوڵدان و سرری سورەییا ئۆندەر پێک دێت و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان و ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، تاوتوێ دەکەن.