گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، پڕۆژەی دابینکردنی کارەبای نیشتیمانیی ٢٤ کاتژمێری بۆ ھاووڵاتیان لە ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، تاوەکو کارەبا لە ھەموو ھەرێمی کوردستان دەبێتە ٢٤ کاتژمێر، کە لە ئێستادا لە ھەولێر و سلێمانی دەستی پێکردووە و لە شارەکانی دیکەش دەست پێدەکات.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، دوای ڕاگەیاندنی پڕۆژەی ڕووناکی لە ھەرێمی کوردستان، ژمارەیەک گەڕەکی دیکەی ھەولێر کارەبایان دەکرێتە ٢٤ کاتژمێری دوای ئەوەی گەڕەکی نازناز و بەختیاری و سەربەستی و چەند گەڕەکێکی دیکە کارەبایان کرایە ۲٤ کاتژمێری، بۆیە لە ئێستادا ئەو ھابەشانەی بە گشتی کارەبایان بووەتە ٢٤ کاژمێری و ھاتوون بۆ ناو پڕۆژەی رووناکی و بە بەردەوامی لە ماڵەکانی خۆیان کارەبایان ھەیە، زیاتر لە ١٨٠ ھەزار ھاوبەشن و ژمارەکەش بەردەوام لە زیادبووندایە.
ئەحمەد گوتیشی، لە پارێزگای سلێمانیش لە چەندین شوێن تیمەکانی ئێمە دەستیان بە کار کردووە لەناو شاری سلێمانی و شەقامی گۆران و سابونکەران و شەقامی مەولەوی کار دەکەن، بۆ ئەوەی لە پارێزگای سلێمانیش بێنە ناو پڕۆژەی ڕووناکی و ئەوانیش کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان ھەبێت، بۆیە کارکردن بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیە لە ھەموو ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت و لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان کارەبای نیشتیمانی ببێتە ٢٤ کاتژمێر، بەمەش لە ھەرێمی کوردستان چیتر پێویستیان بە کارەبای مۆلیدە نابێت.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی کردووە و کارەبا بە قۆناغ لە ھەموو ھەرێمی کوردستان دەکرێتە ٢٤ کاتژمێری، لە ئێستاشدا پڕۆژەکە لە ھەولێر دەستی پێکردووە و لە چەندین شوێن کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و کارەبایان بووەتە ٢٤ کاتژمێر و پێویستیان بە کارەبای مۆلیدە نەماوە.