سەرۆكی پەرلەمانی ئێران : ترەمپ نامەی بۆ تاران ناردووە و داوای چەك دانانی ئێران دەكات
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سەرۆكی پەرلەمانی ئێران لە ڕاگەیاندراوێكدا داوا لە حكومەت و سەرۆككۆماری وڵاتەكەی دەكات بەپێی ڕاسپاردەكانی ڕێبەری مەزنی ئینقلابی ئیسلامی سەبارەت بە دانوستان نەكردن لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكا كار بكەن و، دەشڵێت “دۆناڵد ترەمپ بەنیازی وەستاندنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران نییە، بەڵكوو دەیەوێت ئێران چەك دابماڵێت، تەنانەت چەكی ئاساییش،”
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران لە گوتارێكی ڤیدیۆیی دا ئاشكرای دەكات كە سەرۆكی ئەمریكا پەیامێكی بۆ تاران ناردووە و دوای كردووە دەستبەرداری بەرنامەی ئەتۆمی و چەكە پێشكەوتووەكانیان بن بۆ ئەوەی لەگەڵ واشنتن بگەنە ڕێككەوتن، جەخت لەوەش دەكاتەوە كە “ئامانجی ترەمپ و ئەمەریكا تەنیا پرسی ئەتۆمی نییە، بەڵكوو پەیوەندیی بە بەرنامەی مووشەكی، چەكی نا هاوسەنگ و نائاسایی هەیە و دەخوازێت بە یەكجاری ئێران لە چەك دابماڵێت .”
ڕۆژێك دوای سەپاندنی سزای نوێ لەلایەن ئیدارەی ئەمریكاوە بەسەر هەناردەكردنی نەوتی ئێران بە تایبەتی بۆ چین، عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران ڕایگەیاند، “دانوستاندن لەگەڵ ئەمریكا نە عەقڵانی یە، نە زیرەكی یە، نە شەرەفمەندانە”.
قالیباف بە ئاماژەدان بەم قسانەی ڕێبەری ئێران، لە درێژەی قسەكانیدا بۆ حكومەتی ئێران دەڵێ “دوێنێ جەنابی ڕێبەری بە ڕوونی و شەفاف هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە دانوستانەكان دیاری كرد، ئەوەی من چاوەڕێی دەكەم و داوای دەكەم ئەوەیە كە سەرۆكی كۆمار و تیمی حكومەتەكەی بە پێی ئەم ڕێنمایییانە ڕێڕەوی كارەكان ڕابەریەتی بكەن.”
سەرۆكی پەرلەمانی ئێران جەخت لەوەش دەكاتەوە “ئیتر مەسەلەكە تەنیا لە مەلەفی ئەتۆمی ئێراندا قەتیس نەماوە، بەڵكوو فراوانتر بووە بۆ ئەوەی مووشەك و چەكی تەقلیدی و نا تەقلیدی لە خۆ بگرێت، ئەمەش بە كردەیی بە واتای لێسەندنەوەی توانا بەرگرییەكانی تاران دێت.”