رێبوار حەمەلاو شوانی
مێژوو گەواهیدەرە هەر کاتێک دەرفەت و پێشهاتێکی نوێ بۆ دۆزی رەوای گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان هاتبێتە پێشەوە ، ئەو دوژمنان و داگیرکەران بە چاوساغی بەکرێگیراوەکانیان هەوڵیانداوە کورد بە ئامانجەکانی نەگات و ئاستەنگ و کۆسپی گەورەیان لەبەردەم کاروانی خەباتی دروستکردووە.
رووداوەکانی چەند ساڵی رابردوو، هێرش و پەڵارماردان بۆ سەر هەرێمی کوردستان چ لە سەر ئاستی دەرەکی و نێوخۆیی باشترین بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن ، بەتایبەت قۆناغی ئێستای ڕووداو و پێشهاتەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، کە نەیاران هەستیان بەو مەترسییە کردووە ، کەوتنوونەتە دژایەتیی وقەیرانسازی و شێواندن و هێرشی میدیایی و دەروونی چڕ دژی گەلی کورد ، چونکە باش دەزانن کە ئەو گۆرانکارییانە نەخشە دەستکرد و بەرژوەندییە خۆپەرستانەکانیان کە سەدەیەکە بە داگیرکردنی خاک و نەتەوەی کورد دەخاتە مەترسییەوە ، بەتایبەتی کە لەوتەی کە دەستیان بە سەر جوگرافیا و سەروەت و سامانەکەدا گڕتووە ، جگە لەوەی بەتاڵانیان بردووە لە دژی خۆشی بەکاریان هێناوەتەوە، لە ئێستاشدا شەڕێکی قورسیان لە رووی دەروونی و فەرهەنگی و ئابووری دژی گەلی کورد دەستپێکردووە ، لە پێناو ئەوەی کە کورد متمانەی بەخۆی نەبێت و لاواز و بێ ئیرادە بێت و هەمیشە خۆی بەرامبەر دوژمنان و داگیرکەران و گەلانی تر بە کەم و پلە چوار و پێنج ببێنێت .
گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی ڕەسەنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، لەماوەی یەک سەدەی رابردوودا، بە هەڵومەرجێکی سەخت و مێژوو و خەباتێکی پڕ قوربانیدان تێپەڕێووە لە پێناو پارێزگاریکردن لە خاک و شوناس و بوونی خۆی ، بەڵام تا ئێستاش بەردەوامە لە شەڕی بەدەستهێنانەوەی خاک و دەوڵەتبوون و سەربەخۆی، بە هەڵوەستەکردن لە سەر 33 ساڵ حکوومڕانی هەرێمی کوردستان ، وەک دەبینرێت نەیارانی کورد ، هەموو جۆرە کارت و چەکێکیان لە دژی بەکارهێناوە ، بەتایبەتی شەڕی ئابووری و فەرهەنگی و دەروونی ، ئێستاش بەهەمان شێوە لە سەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان ، کاتێک دەزانن لە ناو ئەو گۆرانکاری و پێشهاتە نوێیانەدا دەرفەتێک بۆ نەتەوەی کورد هاتۆتە ئاراوە ، بە پیلان و نەخشە و سیناریۆی جۆراجۆر و قێزوە کار بۆ لێدانی کورد دەدەن ، مەرامی سەڕەکیش ئەوەیە تا گەلی کورد نەگاتە بە ئامانجەکانی .
ئەوەتا لە سەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان داگیرکەران بە ڕێگەی کۆبوونەوەی سێ قوڵی و چوار قوڵی و نهێنی و ئاشکرا هەوڵەکانیان چڕ کردۆتەوە بۆ ئەوەی پێش بە پێشکەوتنەکانی گەلی کورد لە نێو ئەو گۆرانکار و ڕووداوە مێژووییانە دا بگرن کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئارادان بگرن ، بەتایبەتی هەرێمی کوردستان ، بە جۆرها پیلانی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری هەوڵی شکاندنی ئیرادە و بەڵارێدابردنی کورد دەدەرێت، ئەوەی جێگەی سەرنجە هەندێک کەس ولایەنیش ڕێگەخۆشکەری پیلان و بەرنامەی نەیرانی کوردستان کە رۆڵێکی نەرێنی دەبیین لەم رەوشە هەستیار و چارەنووسسازەدا کە گرنگە بزانین کە مەرامی دوژمنان و نەیارانی کورد بۆ چییە :
یەکەم ،، هەوڵدان بۆ بەڵارێدا بردنی کاروانی خەبات و ئامانجە رەواکانی کورد
دووەم ،، بە لاواز نیشاندان و شێواندنی ڕاستییە مێژووییەکان بەتایبەت خاک و مافە نەتەوەییەکانی کورد
سێیەم ،، دروستکردنی بێ متمانەیی و تێکشکاندنی ئیرادەی تاکی کورد
چوارەم ،، ناشیرین و ڕەش نیشاندانی نەتەوەی کورد بەوەی کە هەمیشە تەنها خەریکی بەرژوەندی کەسی وحزبی خۆیان، هەروەها فەرامۆشکردنی بەرژوەندییە باڵاکانی نەتەوە و نیشتیمانەکەی
پێنجەم ،، هێرشی چڕ میدیا و دەروونی بۆ لاوازکردنی بیروباوەری کوردانە
شەشەم ،، هەوڵدان بۆ شێواندن و پەڵاماردانی خەبات و بەرخودانی کورد و ئینجا خۆشاردنەوە لە شانازیکردن بە کوردبوونت .
حەوتەم ،، هێرشکردنێکی قورس ونەخشە دارێژراو بۆ سەر کەلتوور و مێژوو و ڕەسەنایەتی کورد
هەشتەم ،، هەوڵی دوژمنان بۆ دروستکردنی دووبەرەکی وناکۆکیی نێوخۆی
نۆیەم ،، چاندنی بیری بێ ئومێدکردن و ڕق و کینە لە نێو تاکەکانی کورد
دەیەم ،، هێرشی قورسی راگەیاندن و دروستکردنی چەندین ماڵپەر و پەیجی سەختە و رۆشنبیر و سیاسی سەختە بۆ لێدانی هەموو پیرۆزییەکانی کورد کوردستان و خەباتی دەیان ساڵەی.
یازدەیەم ،، دروستکردنی درز ولێکترازان لە نێوان هێزولایەنە کوردییەکان لە سەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان ، بۆ ئەوەی وەک هێزێکی پتەو تەبا نەتوانن ڕووبەڕووی دوژمنان و نەیاران ببنەوە و بەرگریی لەمافەرەواکانیان بکەن .