زارى کرمانجى-سۆران:
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، بڕیاری کشانەوەی هێزەکانیان لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، بە دەستی سەرۆک دۆناڵد ترەمپە.
پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری کشانەوەی هێزەکانیان لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، بە دەستی دۆناڵد ترەمپە و بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانی وڵاتەکەش ڕەچاو دەکرێن.
هەر لەوبارەوە، هێگسەس، باسی لەوە کرد، ئەوان لە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) ، پلان بۆ هەموو ئەگەرێک دادەنێن و ئامادەکاریشی بۆ دەکەن.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دوو بەرپرسی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا بە ئاژانسەکانی هەواڵیان ڕاگەیاندبوو، دۆناڵد ترەمپ و چەند بەرپرسێکی ئیدارەکەی، خواستی خۆیان بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان نیشان داوە.