محەممەد مەحموود- وەرتێ
دوای ئەو شەپۆلە بەفرو بارانەی شەوی رابردوو رووی لە ئیدارەی سۆران کرد، سنووری قەزای چۆمان زۆرترین بەفرو بارانی لێ باریووە، رێگای زینی وەرتێش لە گەڵ هەندێ ئاستەنگی هاتووچۆ بەهۆی بەفر بارینەوە بە تەواوی نەگیراوە.
شۆرش حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ بە زاری کرمانجی راگەیاند” رێگا زینی وەرتێ بە هۆی بەفر بارینەوە بە تەواوی نەگیراوە لە گەڵ ئەوەی هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک ناتوانن لە ئێستادا بەو رێگایە هاتووچۆ بکەن ، داوامان کردووە تیمەکانی راماڵینی بەفر بێنە زینی ورەتێ بەڵام بەهۆی ئەوەی لە حاجی ئۆمەران بەفرێکی زیاتر باریووە بۆیە تیمەکان تا نەگەیشتوون”.
بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ، گوتیشی” تیمەکانی بەرگری شارستانیمان راسپاردوون بچنە زینی وەرتێ بۆ ئەوەی هاوکاری ئەو شوفێرانە بکەن کە پێویستان بە هاوکارییە تاکو تیمەکانی راماڵینی بەفر دەگەنە ئەوێ، تا ئێستاش بەفر بارین بەردەوامە، شوفێرانی ئۆتۆمبێلی بچووک با ئەو رێگایە بەکار نەهێنن تاکو پاک دەکرێتەوە.