زاری كرمانجی – سۆران:
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە فەرمانی جێبەجێكردنی “زۆرترین گوشار”ی لە دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران واژۆ كرد.
بەشی فارسی ماڵپەڕی ئیندی پێندێت، لەمبارەیەوە نووسیویەتی “ئەم فەرمانە لەكاتێكدا دەرچووە كە لە دوو هەفتەی دوای سەركەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، بەرپرسانی تاران یەك لەدوای یەك باسیان لە بەرژەوەندی خۆیان بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمەریكا كرد، چیتر باسی بەڵێنی سادق 3یان نەكرد و چیتر باسی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەكانیان نەكرد، تا ئەو ڕادەیەی سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند: “دەتوانین دانوستان لەگەڵ كافرانیش بكەین”.
ترەمپ فەرمانی جێبەجێكردنەكەی بە زۆر توند وەسف كرد و گووتی “هیوادارم پێویست نەكات زۆر بەكاری بهێنین. هەروەها هۆشداریشیدا كە ئەگەر كۆماری ئیسلامی هەوڵ بدات بۆ تیرۆركردنی، لەناوی دەبەین”.
كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی كە پێش سەركەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنەكاندا باسیان لە تۆڵەسەندنەوەی توند و سزادانی تاوانبارانی تیرۆركردنی قاسم سولەیمانی دەكرد، دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ كۆشكی سپی بانگەشەی ئەوەیان كرد كە هیچ پلانێكیان بۆ تیرۆركردنی ترەمپ نەبووە، نە پلانیان هەیە و نە پلانیان دەبێت.
لە ماوەی دوو هەفتەی دوای گەڕانەوەی بۆ كۆشكی سپی، ترەمپ وەڵامی دووبارە دەربڕینی ئامادەیی بەرپرسانی تاران بۆ دیپلۆماسی و دانوستانی نەداوەتەوە. هاوكات، مەسعوود پزیشكیان، سەرۆكی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە چاوپێكەوتنێكی كورتدا لەگەڵ كەناڵی ئێن بی سی ڕایگەیاند كە ئێران ئامادەیە بۆ دانوستان.
ئەم فەرمانە داوا لە گەنجینەی ئەمریكا دەكات كە زۆرترین فشاری ئابووری لە ڕێگەی كۆمەڵێك سزاوە جێبەجێ بكات كە ئامانجیان كەمكردنەوەی بەرچاوی هەناردەی نەوتی ئێرانە.
هەروەها یەكەمین ئیدارەی ترەمپ توانی بە هەمان ستراتیژ هەناردەی نەوتی كۆماری ئیسلامی بە شێوەیەكی بەرچاو كەم بكاتەوە و لە ئەنجامدا داهاتی حكومەتی ئێرانیش كەمی كرد. بەڵام لە سەردەمی ئیدارەی بایدن، گەمارۆكانی نەوت هەر چەندهـ لە جێگای خۆیان بوون، بە تەواوی جێبەجێ نەكران، وەك نموونەی زیادبوونی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین و زیادبوونی داهاتی حكومەتی ئێران.
ترەمپ لە كاتی واژۆكردنی فەرمانی جێبەجێكردن سەبارەت بە كۆماری ئیسلامی هیوای ئەوەی دەربڕی كە بتوانرێت ڕێككەوتنێك بكرێت و هەمووان بتوانن پێكەوە بژین.
سەرۆك كۆماری ئەمریكا لەهەمانكاتدا سەبارەت بە دووری نێوان كۆماری ئیسلامی و بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی گوتی كە ئەوان “زۆر نزیكن”.