زاری كرمانجی-سۆران
بەڕێوەبەری ئاوی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: ” بەمەبەستی گفتوگۆ و قسەكردن لەسەر ئەگەری كەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەكان، دوێنێ سێشەممە لە وەزارەتەكەمان بەتایبەت كە پەیوەستە بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوڕۆكان، كۆبوونەوەیەك بەڕێوەچوو بەگشتی قسەو گفتوگۆی لەباریەوە كرا، سۆرانیش دەبێتە بەشێك لەو پرسە”.
ئەندازیار یوسف ڕەشید، گووتیشی: ” ئەوەی پەیوەستە بە سۆران، چەند بەرنامەو پلانێكمان هەیە، بڕیاردراوە كارەكانی خێرا بكرێن، لەوانە ئەو شوێنەی پڕۆژەیەكی تیدا دروست دەكرێن لە ڕوباری كاولۆكان، پوندی ئاوی لێدروست بكرێت و ئاوەكە پاكبكرێتەوەو وەك سەرچاوەیەكی ئاوی خواردنەوە لە سۆران سوودی لێوەربگیرێت، هەروەها كاری جددی بكرێت لەسەر دروستكردنی بەنداوێكی بچوك لە ڕوباری دێرانە، كە دەكەوێتە سنووری ناحیەی مەزنێ و بە بەشێك لە گەڕەك و گوندەكانی سنوورەكەمان سوودی زۆری دەبێت، بۆ ڕاكێشانی ئاوی خواردنەوە”.
بەڕێوەبەری ئاوی سۆران، دەشڵێت: ” پلانێكی دیكەمان دابەشكردنی ئاوە لە ڕێگەی تانكەرەوە، بۆ دانیشتووانی گوندەكان كە بیرو سەرچاوە ئاوییەكانیان وشكبوونە، هەروەها بەشێك لە گەڕەكەكانیش ئەگەر گرفتی پێنەگەیشتنی تۆڕی ئاویان هەبێت، بە تانكەر ئاویان پێدەدرێت.