مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕۆژی 21ـى كانوونی دووەمی 2025، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی هەر سێ یاسای لێبوردنی گشتی، باری كەسێتی، گەڕاندنەوەی موڵك بۆ خاوەنەكانیان پەسەند كرد، دوێنێ سێشەممە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە نووسراوێكی دا كە واژۆی جاسم محەممەد عەبود، سەرۆكی دادگاكەی لەسەرە، فەرمانێكی وەلائی بۆ ڕاگرتنی جێبەجێكردنی ئەو یاسایانەی دەركرد و هۆكارەكەشی هەر وەكوو لە نووسراوەكە ئاماژەی بۆ كراوە ڕاگرتنەكە ڕێكارێكی كاتییە تا ئەو كاتەی ئەو سكاڵایانەی كە لەلایەن 10 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر ناوەڕۆكی یاساكان تۆماركراون، یەكلایی دەكرێتەوە.
بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، محەممەد ئیبراهیم حافز، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بە گورزێك بۆ ڕێككەوتن و هاوبەشی نیشتمانی ناوی دەبات و داواكاریشە دژ بەو بڕیارە بایكۆتی دەوامی سەرجەم دامەزراوە فەرمییەكانی پارێزگای كەركووك بكرێت.
دەشڵێت “ئەم هەنگاوەمان بۆ گەیاندنی پەیامی ناڕەزایییە بەرامبەر بە بڕیارەكە و لە هەمانكاتدا پشتیوانی و هاوسۆزییە بۆ هەڵوێستی نەتەوەیی سەركردە سیاسی و پارێزگاكانی دیكەی عێراق.”
هاوكات لە پارێزگای نەینەوا ش بە هەمان شێوەی كەركووك لە سەرجەم دام و دەزگاكانی كرایە پشوو.
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا ڕایگەیاند “وەك ناڕەزایەتییەك دژی بڕیارەكە، لە پارێزگای نەینەوا دەوامی فەرمی نابێت و ئەمڕۆ پشووە.”
لە لایەكی دیكەشەوە سەرۆكی حزبی تەقەدوم بە توندی هێرشی كردە سەر دادگای فیدراڵی و بە نادەستووری لە قەڵەم دا.
محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی حزبی تەقەدوم لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی گوتی “بەردەوام گوتوومانە كە یاسای لێبوردنی گشتی گەڕاندنەوەی مافی بێتاوان و ستەملێكراوانە و بە هیچ شێوەیەك ئازادكردنی تیرۆریستان ناگرێتەوە، ئێمە پێش هەموو كەس قبووڵ ناكەین ئەوان ئازاد بكرێن و بە ئاگری ئەوان سووتاوین،”
دەشڵێت “قبووڵی ناكەین دادگا نادەستوورییەكە یاساكان بە سیاسی بكات و بێبایەخیان بكات و فەرمانی وەلائی ستەمكارانە دژی بێتاوان و ستەملێكراوان دەربكات.”
پێچەوانەی ئەوانی دیكە، چوارچێوەی هەماهەنگی پشتگیری خۆی بۆ دادگای باڵای فیدراڵی ڕاگەیاند بۆ وەستاندنی جێبەجێكردنی یاساكانی لێبوردنی گشتی و باری كەسی و گەڕانەوەی موڵك و ماڵی خەڵك.
لە ڕاگەیاندراوێكدا چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێ”چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی خۆی بۆ دادگای باڵای فیدراڵی ڕادەگەیەنێت بۆ ڕاگرتنی جێبەجێكردنی ئەو یاسایانەی كە لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەراندا دەرچووە كە لە ٢١ـى ١ـى 2025 بەڕێوەچوو، وەك چۆن مافێكی دەستوورییە بۆ دادگا و ڕێڕەوێكی یاسایی بەردەستە لەناو پرۆسەی دیموكراسیدا، هەروەها فەرمانی دادوەری بە هیچ شێوەیەك بە مانای چوونە ناو مافی سەرەتایی یان پێدانی بۆچوونی پێشوەختە لەسەر ئەو داوایانەی كە تۆماركراون، وەك ئەو خۆی پشتڕاستی كردەوە.”