زارى كرمانجي – سۆران :
نوێنەرایەتی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لەسێدارەدانی زیندانیانی ئۆکراینی لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە گەیشتووەتە ئاستێکی “نیگەرانیکەر”.بە پێی ڕاپۆرتی ئەم شاندە، لە کۆتایی مانگی ئابی ساڵی ڕابردووەوە، لە ٢٤ ڕاپۆرتی جیادا، لانیکەم ٧٩ زیندانی ئۆکراینی لە سێدارەدان تۆمار کراوە.
لە بەیاننامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە کە زۆرێک لەو سەربازانەی ئۆکرانیا کە خۆیان ڕادەست کرد یان دەستگیرکرابوون دەستبەجێ لە شوێنی خۆیان لە سێدارە دراون. هەروەها بەڵگەی شایەتحاڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەربازە بریندارەکانی ئۆکرانیاش کوژراون.لە وەڵامی ئەم ڕاپۆرتەدا، ئەندری سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا داوای وەڵامدانەوەی خێرای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد.
ناوبراو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: لەسێدارەدانی ترسناکانەی زیندانیانی ئۆکراینی لەلایەن ڕووسیا نیشان دەدات کە ئۆکرانیا ڕووبەڕووی ئەهریمەنێکی ڕاستەقینە دەبێتەوە. پێویستمان بە ئامرازی یاسایی نێودەوڵەتی کاریگەر و ڕێوشوێنی کۆنکرێتی هەیە بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە.