بەرپرسێكی باڵای حەماس : ئاسانكاری زۆرمان كردووە بۆ ئەوەی جەنگ بەرۆكی غەززە نەگرێتەوە
بەرپرسێكی ئیسرائیل : هەموو بژاردەیەك لەبەردەم ئێمەدا كراوەیە
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای دەكات كە خەڵكی غەززە ترسیان لە دەستپێكردنەوەی جەنگ هەیە لە شارەكەیان و بەرپرسێكی ئیسرائیل یش دەڵێ هەموو بژاردەیەك كراوەیە.
ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بە پشتبەستن بە قسەی دوو لە گەورە بەرپرسانی (ئیسرائیلی و حەماس) ئاشكرای دەكات كە پێ دەچێت جارێكی دیكە جەنگ لە غەززە دەستپێبكاتەوە و ئاماژەی بەوەش كردووە كە لە ئێستادا دەنگۆی سەرهەڵدانەوەی جەنگ لە نێو دانیشتووانی غەززە بڵاو بووەتەوە.
بەرپرسێكی باڵای حەماس كە ناوەكەی ئاشكرا نەكراوە قسەی بۆ شەرقولئەوسەت كردووە و دەڵێ “ئامادەین هەموو ئاسانكارییەك بكەین، لە پێناو ئەوەی جارێكی دیكە جەنگ بەرۆكی خەڵكی غەززە نەگرێتەوە،” دەشڵێت “ئەم هەڵوێستەمان لە لاوازییەوە نییە، چونكە حەماس كارتی زۆری لەبەردەستدایە و یەكێك لە كارتانەش بارمتەكانن كە تا كۆتایی ئاگربەستەكە ژمارەیەكیان دەهێڵینەوە.”
هاوكات بەرپرسێكی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەی ناوبراوی ڕاگەیاندووە “هەموو بژاردەكان لەبەرامبەر ئێمەدا كراوەیە.”
لە دوای ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، نزیكەی یەك ملیۆن كەس لە خەڵكی غەززە گەڕاونەتەوە شارەكەی خۆیان .