”هەنگاوێکی گرینگە بۆ دامەزراندنی پڕۆسەیەکی سەردەمییانە بۆ رێکخستنی خشتەو کاروباری مووچە”
بەختیار سەباح-زارى کرمانجى:
فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ”بەرهەمهێنان و بەردەستخستنی سیستمی دیجیتاڵی بەڕێوەبردنی موچە، کە پشتبەستووە بە پێناسی دیجیتاڵی، رادەگەیەنێت.
فەرمانگەكە ئەمڕۆ سێشەممە ٤ى شوباتى ٢٠٢٥، رایگەیاند، سیستمەكە بە دەستپێشخەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی جێبەجێ کراوە و هەنگاوێکی گرنگە بۆ دامەزراندنی پڕۆسەیەکی سەردەمییانە بۆ رێکخستنی خشتە و کاروباری مووچە لە دامودەزگاکانی حکومەت.
ئاماژەى بەوەشکردووە ”ئامانجی ئەم سیستمە رێکخستنەوەی پرۆسەی ئامادەکردنی خشتەکانی موچەیە بە شێوەیەکی سەرانسەری لە کەرتی گشتیدا، لە رووی کارایی و وردی و روونییەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی تەواوی پرۆسەی بەڕێوەبردنی موچە لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت”
هەروەها فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی ئەوەشى روونکردووەتەوە، ”سیستەمی دیجیتاڵیی بەڕێوەبردنی موچە دەستپێشخەرییەکی ستراتیژیی حکومەتە بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی پرۆسەی وەرچەرخانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان و لە داتاسەنتەری ناوەندیی حکومەتی هەرێم، کە لەسەر ستانداردی T3ی جیهانی دامەزراوە، جێگیر کراوە تا گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان بەباشترین شێوەو بە پارێزراویی دەستیان بە خزمەتگوزارییەکانی سیستمەکە بگات.
زیاتر باسى کردووە، ”كە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم سیستەمە بریتییە لە دروستکردنی تاکە سەرچاوەی متمانەپێکراو بۆ بەڕێوەبردنی زانیارییەکانی موچە، بە مەبەستی باشترکردنی هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی موچە.”
فەرمانگەكە ئاشكرای دەكات، ”بۆ دڵنیابوونەوە لە توانا و ئامادەیی بەکارهێنەران لە کارپێکردنی سیستمەکە، هەزاران کارمەندی دامودەزگا جیاوازەکانی حکومەت راهێنراون و ئامادەکراون بۆ بەکارهێنانی سیستمە نوێیەكە، کە ئەمەش پرۆسەی گۆڕانکاریی و گواستنەوە بۆ قۆناغی نوێ ئاسانتر دەکات.
هاوکات لەگەڵ ئەوەی سیستەمەکە بەردەستە و کاری پێدەکرێت، فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کار دەکات بۆ سوودوەرگرتن و شیکارکردنی داتاکانی ئەم سیستەمە بەمەبەستی بڕیاردان لەسەر بنەمای داتا و زانیاری پتەو و فەراهەمکردنی خزمەتگوزاریی دیجیتاڵیی زیاتر، وەکو پۆرتاڵی خزمەتکردنی خودیی موچەخۆران و ئامرازەکانی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی کار و چالاکی، کە بە شێوازێکی ئاسان دەکرێت تێهەڵکێش بکرێن لەگەڵ ئەم سیستەمەدا.