زارى کرمانجى:
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بوونی 25 هەزار بەعسی لەناو فەرمانگەكانی دەوڵەت ئاشكرا دەكات و دەڵێت: “دەستیان بەجووڵە كردووە”.
لەگەڵ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتی و دەستشلكردن بۆ سوننەكانی عێراق، هەندێك لە هێز و گرووپەكانی شیعییەكان هەڕەشە و مەترسی دەخەنەڕوو، پێیان وایە ئاسانكاریی كراوە و دەكرێت كە بەعسییەكان بگەڕێنەوە، جووڵەی گرووپە سوننییەكان مەترسیی گەورەیە بۆ داهاتووی عێراق، هەموو ئەمانەش دوای رووخانی رژێمەكەی ئەسەد دێن.
نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەر لە هەموو كەس هەست بەو مەترسییە دەكات و هۆشداریی دا لەوەی پاشماوەكانی داعش و بەعسییەكان لە بێئاگایی هێزە تەناهییەكان، دەستیان بەجووڵە كردووە.
عەقیل فەتلاوی گوتەبێژی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا، قسەكانی مالیكی لەوبارەیەوە بە واقیعی ناو برد و دەڵێت: ئەوەی ئێمە لە عێراق لێی دەترسین، ئەبو محەمەد جۆلانی نییە، بەڵكو پەرەسەندنی فكرەكەیەتی، بەعسییەكان لە عێراق ئامادەن و ژمارەیان بە 25 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت و دزەیان كردووەتە ناو بازنەكانی دەوڵەتەوە، مەترسییەكی تر هەوڵەكانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری”.
دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەریی كە پێشتر ناوی دەستەی نیشتمانیی ریشەكێشكردنی بەعس بوو، دەستەیەكی نیشتمانییە لە عێراق بۆ ریشەكێشكردنی بەعس لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەتدا و لە دەستووری عێراقدا ددانی پێدا نراوە، بەڵام سوننەكان داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەستەیە دەكەن و شیعەكانیش لەو داوایە بەگومانن.
گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە لێدوانی بەشێك لە سەركردە سوننەكاندا پێشانی دا كە رەخنە لە سەركردە شیعییەكان دەگرن، گوایە لەسەر تانكی ئەمەریكی گەڕاونەتەوە عێراق و دەڵێت، ئەوان لە بیریان چووە كە جۆلانیش لەسەر تانكی توركیا و ئیسرائیلەوە دەسەڵاتی لە سووریا وەرگرت.