محەممەد مەحموود- زاری كرمانجی:
لە چوارچێوەی ئەنجامدانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، یەكێك لە پرۆژە ستراتیژییەكان پرۆژەی دووسایدی چۆمان-حاجی ئۆمەرانە و لە كاتێكی نزیكدا ڕادەگەێیندرێت.
ئەحمەد بارزان عەلیكۆ، قایمقامی قەزای چۆمان، تایبەت بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” یەكێك لە پڕۆژە ستراتیژییەكان لە سنووری قەزای چۆمان، پڕۆژەی دووسایدی چۆمان – حاجی ئۆمەرانە، ئەو پڕۆژەیە لە ماوەیەكی نزیك رادەگەێیندرێت، جگە لەوەش لە ئێستادا دووسایدی ناو سەنتەری حاجی ئۆمەران لە قوناغی جێ بەجێكردندایە.
پڕۆژەی دووسایدی چۆمان – حاجی ئۆمەران، چەند ساڵێكە كاری تێدا دەكرێت، درێژیەكەی 16 كم و 665 مەترە، ئەو كۆمپانیایەی پێشتر پێدرابوو بڕیار بوو لە ماوەی 730 ڕۆژدا تەواو بكات، كەچی تا ئێستا تەواو نەكراوە و لە چەند كۆمپانیایەكیش وەرگیراوەتەوە بەهۆی سستی كاركردن لەو پڕۆژەیە، بەتەواو بوونی خزمەتێكی زۆر بە ناوچەكە دەگەیەنێت بەهۆی ئەوەی رێگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانی بەسەرەوەیەو ڕۆژانە دەیان ئۆتۆمبیێلی بارهەڵگر هاتووچۆ بەو رێگایەدا دەكەن و زۆر جاریش بەهۆی تەسكی رێگاكە رووداوی هاتوچۆی لێ كەوتووەتەوە، جگە لەوەش ناوچەیەكی گەشتیارییە و چوار وەرزی ساڵ گەشتیاران رووی تێدەكەن.