رێبوار حەمەلاو شوانی
دەیان ساڵە هەر دوای بە زۆر لکاندنی کوردوکوردستان بە دەوڵەتێکی دەستکردی دروستکراو بۆ بەرژوەندی بریتانیا و فەرەنسا ، لەگەڵ یەک دەسەڵاتی شاهانەی هاوردەکراو بەناوی شا فەیسەڵ و گڕتنەدەستی حکوومڕانی ، هێرش و پەڵاماردان ودژایەتیکردنی کوردوکوردستان بە ئێستای حکوومڕانی مەزهەبی عەرەبی شیعەوە وەک میراتێکی قێزەوەن و ستەمکارانە درێژەی هەیە و هەمووشیان بۆ یەک مەرام و یەک زێهنیەت بووە ئەویش بە رەعیەتکردن یانیش سڕینەوەی کوردوکوردستان لە سەر زێد وخاک و نەخشەکە ، هەر بۆیە ، هەر چی چەک و تاوانکاری و گەلەکۆمەکی و پیلانگێری وخیانەتکاری نەما بەکارنەهێنن .
ئەوەتا ئەو ڕژێمەی ئێستا کە دوێنی خۆی بە ستەملێکراوە دەستی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو دەزانی و زۆرێک لە سەرکردەکانیان لە نێو باوەشی کوردستاندا ئاو و نانی گەلی کوردیان دەخوارد و خۆیان بە خەباتگێر دژی ستەمکاری دەبینی ، هەر کە شوێن پێیان بەهێزکرد و گەیشتنە سەر کورسی دەسەڵات ، رابردوویان لە بیرکرد ، خراپتر لە ڕژێمەکانی پێش خۆیان دژایەتیکردنیان بە زێهنیەتێکی فاشیزمی و خۆپەرستی بە هەر چی چەکی بەردەستیان بەتایبەت کاری بڕینی قووت و قەیران دروستکردن کەوتنە پەڵاماری دانی خەڵکی کوردستان و ئەزموونەکەی ، نابێت ئەوەشمان بیر بچێت کە ئەم قەوارە و حکوومرانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە وەک خێرا بۆمان دروست نەکراوە و بە دیاری پێشکەمان نەکراوە ، بەڵکو لە ئەنام قوربانیدان وخەباتی دەیان ساڵەیە ، بەڵام لە پاش رووخانی ڕژێمی بەعس ولە نێو دەستووری هەمیشەیی عێراق بە ئومێدی ئەوەی کە باقی مافەرەواکانی بە ڕێگەی هاوبەشی و قرەیی و فیدڕاڵی و دیموکراسی بەدەست بێنیتەوە ، لەگەڵ ئەوەی کە هەوڵەکانی سەرکردایەتی سیاسی کورد ، بەتایبەتی سەرۆک بارزانی لە پێناو دروسکردنی عێراقێکی دیموکراسی بووە بە ئێستاشەوە ، تا هەموو پێکهاتە و ئایین و ئایننزاکان بە مافەرەواکانیان بگەن ، بەڵام بینیمان کە چۆن بە ئاگر و ئاسن و گەمارۆدان و پەڵاماردانی هەرێمی کوردستان لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 وەڵامیی داوا رەواکانی گەلی کوردیان دایەوە ، هەڵبەتە ئەوەش شکست و پیلان و خیانەتێکی گەورەی دەسەڵاتدارانی عێراق بوو بەرامبەر بە کوردستان .
ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە عێراق بە بەرنامە و پیلان و نەخشەیەکی پێشتر دارێژراو و هەندێک جاریش لە سەپێنراو لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق هەوڵی شکاندنی ئیرادەی گەلی کورد دەدات و بە توندترین شێوە دژایەتی و فشار لە سەر خەڵکی کوردستان و ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەکات ، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی عێراق لە بەغدا هیچ پاساوێکیان نەماوە ، چونکە حکوومەتی کوردستان هەموو ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانی و پابەندییەکانی لە رووی دەستوور و ڕێککەوتننامەکان بە جێگەیاندووە ، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی بەغدا تا ئێستا 55 مادەی دەستووری کە لە بەرژوەندی هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکردووە و لە گەڵ کەمکردنەوەی ڕێژەی بەشە بودجەی کوردستان لە 17%دا بۆ 12% دا ، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا بابەتی مووچەیان کردۆتە چەکێک بۆ ئەوەی ویستە ستەمکارییەکانیان بە گەلی کورددا بسەپێنن ، خەونی ئەوە دەبینن کە بەم شێوەیە ئیرادەمان بشکێنن ، شاندی کوردستان بە دەیان جار سەردانی بەغدایان کردووە ، بەڵام جارێ نەگەراونەتەوە هەولێری پایتەخت ئەو لە بەڵێن و ڕێککەوتن و قسەکانیان پاشگەز بوونەتەوە .
بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێن کە ، دەسەڵاتدارانی عێراق لەماوەی چەند ساڵی رابردوو ، هەموو ڕێگە سیاسی وسەربازی و ئابوورییەکانیان بۆ لێدانی سەنگ و پێگەی پارتی و کوردستان کە ئامانجی سەرەکیی نەیارانە تاقێکردەوە ، باشیش ئەو راستییە دەزانن کە ئەوەی سازش لە سەر بچووکترین ماف و سەروەرییەکانی ئەم گەل و نیشتیمانە ناکات تەنها سەرۆک بارزانی و پارتییە ، مێژوویش گەواهیدەرە ئەگەر هەوڵ و تێکۆشان و بەرگریکردنەکان و هەڵگرتنی ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانی حکوومەتی کوردستان نەبووایە ، پرسێک بەناوی دۆز و قەوارەی هەرێمی کوردستان بوونی دەبوو ، ئەوەش شاراوە نییە کە هەندێک حزب و لایەن لە ناوخۆی کوردستان چۆن ڕێگەخۆشکەر و ڕێنیشاندەری بەرلەشکری دوژمنانی ئەم گەل و نیشتیمانەن و بەڵام ئیرادە و خۆراگری گەلی کورد زۆری بەهێزترە لە پیلانگێری نەیاران و بەکرێگیراوەکانیان و سەرکەوتن بۆ کوردستانە .