زاری كرمانجی – سۆران :
سەرەڕای قەدەغەكردنی پێدانی مۆڵەتی لێخووڕینی ماتۆڕسكیل بۆ ژنان، بەڵام لە شارە گەورەكاندا ماتۆڕسواری ئافرەتان لە هەڵكشاندایە. هاوكات پۆلیس لەبری ئەوەی رێگاچارهيهك پێشكەش بكات بۆ چارەسەركردنی ئەم پرسە، بەردەوامە لە پێداگری لەسەر جێبەجێكردنی سنوورداركردنەكان.
ئەم دژایەتییە ڕواڵەتییە ژنانی خستۆتە دووڕیانێكەوە لە نێوان قەدەغەكردنی یاسایی و دەستێوەردانی پۆلیس؛ لە لایەك پۆلیس ڕێگری لە ژنان دەكات مۆڵەت وەربگرن، لە لایەكی دیكەشەوە ژنانی ماتۆڕسوار بەهۆی نەبوونی مۆڵەتەوە غەرامە دەكەن.
زۆرێك لە ڕەخنەگران پێیان وایە دژایەتی پۆلیس بۆ پێدانی مۆڵەتی ماتۆڕسكیل بۆ ژنان درێژەپێدەری سیاسەتە كۆمەڵایەتییەكانی بزووتنەوە ئاینییە توندڕەوەكانە كە بوونی ژنان لە فەزای گشتیدا سنووردار دەكەن. بەڵام بەرپرسانی پۆلیس بە هۆكاری هاتوچۆ پاساو بۆ ئەم قەدەغە دەهێننەوە.
سەردار تیمور حوسێنی، بەرپرسی پۆلیسی هاتوچۆی فەرەج، وێڕای پشتڕاستكردنەوەی توانای ژنان بۆ سواربوونی ماتۆڕسكیل، ڕایگەیاندووە كە پێدانی مۆڵەت بە ژنان، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی تایبەتی هاتووچۆ لە شارە گەورەكانی وەك تاران، دەبێتە هۆی زیادبوونی كێشەی هاتووچۆ و پەكخستنی ڕێكخستنی هاتووچۆی ئەو وڵاتە.
بەڵام نەیارانی ئەم ئارگیومێنتە وەك هەوڵێك بۆ پاساوهێنانەوە بۆ هەڵاواردنی جێندەری و دروستكردنی بەربەستی ناپێویست لەبەردەم بڕوانامەدانی ژنان دەزانن.