مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس، لەسەر زاری چەند بەرپرسێكی عێراقی و ئەمریكیی بڵاوی كردووەتەوە كە لە دوای كەوتن و ڕووخانی حكومەتی بەشار ئەسەد لە دیمەشق، عێراقییەكان لە پێداگیری كردنیان بۆ كشانەوە و چوونە دەرەوەی هێزەكانی ئەمەریكا پاشگەز بوونەتەوە .
ڕووخانی ئەسەد لە دیمەشق و چالاكبوونەوەی یاخی بووە ئیسلامییە سوننییەكان لە مانگی دوانزەدا، وای لە عێراق كرد جارێكی دیكە بە بڕیارەكەی دابچێتەوە و پێداچوونەوە بەو ڕێككەوتنی بكات كە لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەركردایەتی ئەمەریكا واژۆی كردبوو بۆ كۆتایی هێنان بە ئەركی هاوپەیمانان لە عێراق و كشانەوە و چوونە دەرەوەییان لە خاكی عێراق .
بەپێی قسەی چاودێرانی سیاسیی و سەربازی، دەسەڵاتی تاران بە كۆتایی هاتنی ئەسەدی هاوپەیمانی، لە ناوچەكەدا لاواز بووە، ئەمەش وایكردووە گرووپە چەكدارە عێراقییەكانی نزیك لە ئێران، هەست بە لاوازی بكەن و لەوە دەترسن داعش سوود لەو بارودۆخە وەربگرێت و جارێكی دیكەوە بە هێزەوە بگەڕێتەوە
لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ حكومەتی عێراق، بەرپرسێكی باڵای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق باسی لەوە كردووە كشانەوەی ئەمەریكا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە، بە تایبەت لەو بارودۆخەی ئێستا .
هاوكات بەرپرسێكی چوارچێوەی كاری هەماهەنگی ڕایگەیاندووە “بەشی زۆری سەركردەكانی چوارچێوەی كاری هەماهەنگی شیعەكان، دەیانەوێت هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بمێننەوە.”
بەرپرسێكی باڵای بەرگری ئەمەریكاش كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا ڕایدەگەیەنێت “بەرپرسانی حكومەتی عێراق بە شێوەیەكی نافەرمی لەسەر باڵاترین ئاستدا، داوایان كردووە ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەركردایەتی ئەمەریكا دژی داعش لە عێراق و كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە وڵاتەكەدا دوا بخرێت.”































































