زاری كرمانجی – سۆران :
مەزڵوم ئاكپۆڵاد كە هونەرمەندێكی كوردە، بەهۆی گوتنی گۆرانی كوردی، سزای زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا.
ماڵپەڕی (فورات نیووزی) لە هەواڵێكدا بڵاوی كردەوە” هونەرمەندی كورد مەزڵوم ئاكپۆڵاد، بەهۆی چڕینی گۆرانی كوردی، سزای ٢٢ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا و خرایە زیندانەوە”.
ئاماژەی بەوەش كردووە، مەزڵوم ئاكپۆڵاد ناسراو بە(مەزڵوم ژیندا) لە دوای بڵاوبوونەوەی كلیپێكی لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٦ بە ناوی (خوێنی سەد ساڵە)، داواكاری گشتی كۆماری توركی ئیستەنبوڵ بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە بۆ ڕێكخستن” دەربارەی ئاكپۆڵاد دۆزێكی كردەوە.
لە دانیشتنی دۆزەكەدا لە دادگای سزای قورسی ٣٥ی چاگلایانی ئیستەنبوڵ، بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە بۆ ڕێكخستن” ٢٢ مانگ و ١٥ ڕۆژ سزای زیندانی بەسەر ئاكپۆڵاد سەپێندرا.
ئاكپۆڵاد لە ناوچەی بیۆغلوی ئیستەنبوڵ دەستگیركرا و لە دوای كاروبارەكان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس زیندانیكراوە و برایە زیندانی مەتریس، هەروەها چاوەڕوان دەكرێت ئاكپۆلاد لە ٣ی شوبات ببرێتە زیندانی سیڤیلری مەڕ مەڕە.































































