مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئیسرائیل لیژنەی سەرپەرشتیكردنی ئاگربەستی لوبنان كە ئەمەریكا سەرۆكایەتی دەكات ئاگادار كردووەتەوە كە نێردراوانی ئێران بە جانتای پڕ لە دۆلاری ئەمریكییەوە لە تارانەوە بەرەو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەیرووت گەشت دەكەن.
ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای دەكات، ئیسرائیل لای لیژنەی سەرپەرشتیكردنی ئاگربەستی لوبنان كە ئەمەریكا سەرۆكایەتی دەكات، سكاڵای دژ بە ئێران و توركیا تۆمار كردووە و ڕایگەیاندووە كە دیپلۆماتكارانی ئێران و لایەنی دیكەش بە دەیان ملیۆن دۆلار پارە بە جانتا بۆ حیزبوڵڵا دەگوازنەوە تا بتوانێت خۆی بەهێز بكاتەوە.
ئیسرائیل جگە لە تۆمەتباركردنی ئێران، بانگەشەی ئەوەش دەكات كە هاووڵاتییانی توركیاش بە هەمان شێوە لە ڕێگەی ئیستەنبوڵەوە پارەیان بۆ بەیرووت گواستووەتەوە.
لیژنەی ئاگربەست، سكاڵای ئیسرائیلی ئاراستەی حكومەتی لوبنان كردووە، بەڵام تا ئێستا حكومەتی لوبنان و هێزە چەكدارەكانی ئەو وڵاتە وەڵامی ئەو سكاڵایان نەداوەتەوە.
بەڵام ئێران لە ڕێگەی بێهنام خوسرەوی دیپلۆماتكار لە باڵیۆزخانەی ئێران لە لوبنان، ئەم تۆمەتانەی ڕەتكردەوە و ڕاگەیاند”تاران فڕۆكەی نەفەر هەڵگر بۆ گواستنەوەی پارە بۆ لوبنان بەكار ناهێنێت.”
هاوكات دەسەڵاتدارانی توركیاش جەختیان لەوە كردووەتەوە كە تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی لەو شێوەیە بەدی نەكراوە، چونكە هەر جۆرە گواستنەوەیەكی پارەی بەرچاو لە فڕۆكەخانەی ئیستەنبوڵ بە ئامێری تیشكی ئێكس و ڕێوشوێنی ئەمنی دیكە دەستنیشان دەكرێت.
ئەمەریكا، فەرەنسا و نەتەوە یەكگرتووەكان، كە بەشێكن لە ئەندامانی لیژنەی نوێنەرانی ئیسرائیل – لوبنان، ڕایانگەیاندووە كە ئاگادارن لە بەكارهێنانی فڕۆكەخانەی بەیرووت لەلایەن ئێرانەوە بۆ بە قاچاخ بردنی پارە و ئەو بانگەشانەی ئیسرائیل بە باوەڕپێكراو دەزانن.































































