زاری كرمانجی-سۆران
پزیشكی پسپۆر د.سۆران محەمەد غەریب، دەڵێت: “نەخۆشی شەكرە بریتی یە لە گروپێك لە نەخۆشی كە كاردەكاتە سەر بەكارهێنانی شەكری خوێن ( گلوكۆز) لەلەشدا.
شەكری خوێن ( گلوكۆز): گرنگترین سەرچاوەیە بۆ پێدانی ووزە بەخانەكانی لەش، كە ئەم خانانە ماسولكە و شانەكانی لەش دروست دەكات. گلوكۆز ووزە دەدات بە مێشك، گلوكۆز یان لە خواردنەوە دەستمان دەكەوێت یا جگەر درووستی دەكات. گلوكۆز بە یارمەتی هۆرمۆنی ئەنسۆلین دەتوانرێت بگوێزرێتەوە بۆ خانەو شانەكانی لەش و ووزەیان پێبدات، هۆرمۆنی ئەنسۆلین لە لەشدا گلاندی پەنكریاس دەیڕِێژێت”.
كەواتە نەخۆشی شەكرە، بریتی یە لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەكر لەخوێندا بەهۆی كەمی یان نەبوونی هۆرمۆنی ئەنسۆلین لە لەشدا كە گلاندی پەنكریاس دەیڕِێژێت. زۆرجار ئەنسۆلین هەیە بەبڕی پێویست بەڵام بەرگری هەیە لەو خانانەی كە ئەنسۆلین ئیشی لەسەر دەكات”.
ئەگەر شەكرەت هەبێت ئنجا هەر جۆرێكی شەكرە بێت، ئەوا ڕێژەی گلوكۆز لەلەشتدا بەرزدەبێتەوە, ئەم بەرزبوونەوەیەی ڕێژەی گلوكۆز چەندین گرفتی تەندرووستی درووست دەكات لەلەشدا.
ئەو جۆرەی نەخۆشی شەكرە كە درێژ خایەنە بریتیە لە جۆری یەكەم و جۆری دووەمی شەكرە، بەڵام هەندێك جۆری بەرزبوونەوەی گلوكۆز لەلەشدا كاتییە و زوو ڕێژەی گلوكۆزەكە دەگەڕێتەوە بۆ باری ئاسایی خۆی وەك ئەو شەكرەیەی لەكاتی سك پڕیدا ڕوو دەدات .