د. جەوهەر سرێشمەیی
ماوەیەكە لێرە و لەوێ باس لە دوو ساید كردنی ڕێگەی ناو گەلی عەلی بەگ دەكرێت و چەند جارێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دیزاین و شێوەی شەقامەكەش دیاری كراوە. كە نازانم تا چ ڕادەیەك ئەم دەنگۆیە ڕاستن، هیوادارم ڕاست نەبن، چونكە ڕێگەی ناو گەلی بە هیچ شێوەیەك شیاو نییە بۆ بە دوو ساید كردن، لە بەر ئەوەی ئەگەر كارێكی وا بكرێت ئەوا شێوە سروشتییەكەی گەلی تێك دەچێت و ئەو بەها گەشتیارییەی نامێنی و شوێنە گەشتیارییەكانی تێك دەچن، هەرچەند لە سەر پارەی عێراق وێنەی شەلالی گەلی عەلی بەگ دانراوە و ناوبانگێكی زۆری هەیە و شوێنێكی جوان و دڵڕفێنە و ناكرێت ئەم شوێنە گەشتیارییە ناسراوە تێك بدرێت بۆ دروست كردنی شەقام، وە سەرەڕای ئەوەی ئەو شەقامە لەبەر سەختی شوێنەكە ناكرێتە دووساید وە ئەگەر بشكرێت ئەوا پارەیەكی زۆری تێ دەچێت كە شەقامەكەش وەك پێویست نابێت. وە لە لایەكی تر ئەم شەقامە لەلای خەلیفان دێتەوە ناو شاری خەلیفان و لەلای سۆرانیش دەچێتە ناو شاری سۆران كە ئەمە بە هیچ شێوەیەك گونجاو نییە، چونكە نابێتە شەقامێكی بازرگانی بۆیە زۆر پێویستە واز لەم بیرۆكەیە بهێنرێت، چونكە هیچ بنەمایەكی ئابووری و شارستانی و كولتووری نییە بەڵكوو دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی پارەیەكی زۆر و تێكدانی شوێنێكی گەشتیاری ناسراوی لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان.
پێویستە لە جیاتی ئەم شەقامە دوو سایدە هەوڵ بدرێت زیاتر سیما گەشتیارییەكەی زیاد بكرێت و سروشتەكەی پارێزگاری لێ بكرێت، بەڵام لێرەدا ڕەنگە كەسانێك هەبن بپرسن ئەو شەقامە یەك سایدەی ناو گەلی عەلی بەگ توانای ئەم هەموو هاتووچۆكەرەی نییە بە تایبەتی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان و بە تایبەتی لە وەرزی گەشتیاری هەردەم دەبێتە هۆی خنكان و پەككەوتنی ڕێگەكە. ئەمە ڕاستە بۆیە لێرەوە پێشنیار بۆ ئیدارەی سۆران و قایمقامیەتی خەلیفان و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەم كە لە جیاتی ئەم دووسایدكردنەی ڕێگەی ناو گەلی عەلی بەگ ڕێگەكە لە خەلیفانەوە بەرەو چیای برادۆست ببرێت و تونێلێك لە چیای برادۆست دروست بكرێت لەلای گوندی هاودیان دەربچێت،وە بە پردێك و تونێلێك و چەند كیلۆمەترێكی كەم دەتوانرێت نزیكەی 80% گرفتی هاتووچۆی سۆران و خەلیفان و مێرگەسۆر و سیدەكان و چۆمان چارەسەر بكرێت.
ئەگەر بتوانرێت ئەو ڕێگە دووسایدە بازرگانییە درێژ بكرێتەوە بۆ گوندەكانی كەونەگوند و… بچێت و لە گەروە بێش تونێلێكی تر دروست بكرێت تاكوو سمیلان و لەوێش بە پشت چۆمان دا بچێت بۆ حاجی ئۆمەران ئەم ڕێگە بازرگانییە زۆر پێویستە لەبەر ئەوەی هاتووچۆی بازرگانی لە ناوەندی شارەكانی چۆمان و سۆران و خەلیفان دوور دەكەوێتەوە، وە دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەران و دەروازەی زێت كە بۆ توركیا كراوە بە ئاسانی بگەنە سەر ئەم ڕێگەیەوە وە لە جەنجاڵی شار و دروستكردنی قەرەباڵغی دوور بكەوێتەوە لە لایەكی تر هاووڵاتی لە شاری چۆمان و مێرگەسۆر و سیدەكان و سۆران لەم شارێگەیە نزیك دەكەونەوە بێ ئەوەی گرفتی قەرەباڵغی لە ناوەندی شاری سۆران و خەلیفان دروست بكات. و ئەم ڕێگەیە لە داهاتوو زۆر گرنگ دەبێت چونكە هەر دوو دەروازەی حاجی ئۆمەران بۆ ئیران و دەروازەی زێت بۆ توركیا و هەرێمی كوردستان بەیەكەوە دەبەستێتەوە، دەبێتە شادەمارێكی بازرگانی گەورە. ئەم ڕێگەیە جەنجاڵی شاری سۆرانیش كەم دەكاتەوە و پارێزگاری لە پاك ڕاگرتنی ژینگەی شارەكانی سۆران و چۆمان و خەلیفانیش دەكات. سەرەڕای سوودە گرنگەكەی لە پاراستنی سروشتی گەلی عەلی بەگ وەك خۆی دەهێڵێتەوە و ناوچەیەكی گرنگی گەشتیاری ڕزگار دەكات لە لەناوچوون و پارەیەكی زۆریش بۆ حكومەت دەگێڕێتەوە. ئەم پێشنیازەم وەك سەرەتایەكە بۆ چەند پێشنیاری تری گرنگ بۆ ناوچەكە هیوادارم لایەنە پەیوەندی دارەكانی ناوچەكە و حكومەتی هەرێم ئەم پێشنیارە بە هەند وەربگرن و كاری لەسەر بكەن .
































































