زاری كرمانجی :
ئەمڕۆ چل رۆژ بەسەر شەهیدكردنی ژینا ئەمینی كچە كوردی سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستان تێپەڕ دەبێت و چالاكوانانی مەدەنی و جەماوەری راپەریووی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لە رێگەی كەناڵە ناوخۆییەكانی ئێران و چەنەڵەكانی هەواڵی ئۆپۆزیسۆن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان داواكارن لە رۆژی شەهیدبوونی ژینا راپەرین سەرتاسەری خاكی ئێران بگرێتەوە و ئەمڕۆ بكەنە رۆژی قیامەت.
رێكخەران و بانگەوازكارانی راپەرینی سەرتاسەری داوا لە خەڵك دەكەن جلوبەرگی رەش و ئەستوور لە بەر بكەن و دەستكیش و ماسكی رەش بپۆشن و پێڵاوی باش و توند لە پێ بكەن.
لە چل رۆژی شەهیدبوونی ژینا، ئۆتۆمبێلەكانی سوپا و ئیتلاعات و بەسیجەكان بە مۆلۆتۆڤ و گەچ و هێلكە دەكرێنە ئامانج و هەر ئەمڕۆش خەڵكێكی زۆر سەردانی ماڵی ژینا دەكەن و بەڵێنی پاڵپشتی و بەردەوام بوونی لە راپەرین بە خانەوادەی ئەمینی دوپات دەكەنەوە تا مافی بە ناحەق شەهیدكردنی ژینا دەستێنن.
كچە كوردەكەی سەقز ی رۆژهەڵاتی كوردستان 13 ی ئەیلوولی 2022 لە لایەن پۆلیسی ئێران بە بیانووی ئەوەی مانتۆكەی درێژ نەبووە، راپێچی دەكەن و هەر لە نێو ئۆتۆمبێلدا پۆلیس ژینا ئەمینی بە شێوەیەكی دڕندانە ئەشكەنجە دەكەن تا لە هۆش خۆی دەچێت و بەم هۆیەشەوە ژینا چووەتە حاڵەتی كۆماوە و سێ رۆژ دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا.